سەردێر

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی؛ ڤاكسی سینوفارمی چینی كاریگەری كەمی دژی كۆرۆنا هەیە

خەڵك-
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی ڕایدەگەیەنێت ، ڤاكسینەكەی سینوفارمی چینی تائێستا لە لایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی یا هیچ دەزگایەكی فەرمی جیهانی ڕێگەی پێنەدراوە، دەشڵێت،”بەگوێرەی داتاكانی چین ڤاكسینەكە تەنها ٧٢% كاریگەری هەیە دژی كۆرۆنا”.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی لە ڕوونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، بەداخەوە هەرێم وەك وڵاتە دواكەوتوو و هەژارەكانی دنیا، چاوی لەخێر و سەدەقەی وڵاتە زلهێزەكانە، سەركۆنەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەكەن، كە بەهۆی گەندەڵی و بەهەدەردانەوە نەیانتوانیوە ڕێژەیەكی زیاتر ڤاكسین پەیدا بكەن.

ئاماژەبۆ ئەوەشكراوە، ڤاكسینەكەی سینوفارمی چینی تائێستا لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی یا هیچ دەزگایەكی فەرمی جیهانی تر ڕێگەی پێنەدراوە، بەگوێرەی داتاكانی چین خۆی، ڤاكسینەكە تەنها ٧٢% كاریگەری هەیە دژی كۆرۆنا، ئەمەش ڕێژەیەكی كەمە بە بەراورد بە ڤاكسینەكانی دیكە، هەروەها بە تەواوەتی سەلامەی ڤاكسینەكە دەرنەكەوتوە.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی تێبینی هەیە لەسەر ڤاكسینی سینوفارمی چینی
لە چەند رۆژی ڕابروودودا وەزارەتی تەندروستی كاروانێكی ڤاكسینی چینی دژی كۆرۆنا بەدەست گەیشت. بە گوێرەی ڕاگەیاندراوە فەرمییەكانی وەزارەت، ٥ هەزار ژەمی ڤاكسینەكە گەیشتوەتە كوردستان. هەروەها ئەمرۆ ٢٠٢١/٣/٤ یەكەم تەندروستكار ژەمێكی ڤایرۆسەكەی وەرگرت. ئێمە لە كاتێكدا پێشوازی گەرم لە گەیشتنی ڤاكسین دەكەین بۆ هەرێمی كوردستان بەڵام هاوكات چەند تێبینیەكمان لەو بارەوە هەیە. دەبوایە هەرێمی كوردستان زووتر ڤاكسینی كۆرۆنای بەدەستهێنابا. بەداخەوە، وەكو وڵاتە دواكەوتو و هەژارەكانی دنیا، هەرێمی كوردستانیش چاوی لە خێر و سەدەقەی وڵاتە زلهێزەكانە. ئێمە لە كاتێكدا سوپاسی حكومەتی و گەلی چین دەكەین بۆ ئەو هاوكارییەی پێشكەشی گەلی كوردیان كردوە، بەڵام سەركۆنەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەكەین كە بەهۆی گەندەڵی و بەهەدەردانەوە نەیانتوانیوە ڕێژەیەكی زیاتر ڤاكسین پەیدا بكەن.
لە لایەكی دیكەوە، ڤاكسینەكەی سینوفارمی چینی تاوەكو ئێستا لە لایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی یا هیچ دەزگایەكی فەرمی جیهانی تر ڕێگەی پێنەدراوە. بەگوێرەی داتاكانی چین خۆی، ڤاكسینەكە تەنها ٧٢% كاریگەری هەیە دژی كۆرۆنا. ئەمەش ڕێژەیەكی كەمە بە بەراورد بە ڤاكسینەكانی دیكە. هەروەها بە تەواوەتی سەلامەی ڤاكسینەكە دەرنەكەوتوە.ئێمە بەلامانەوە سەیرە كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی لە چەند رۆژی ڕابوردودا باسی ئەوەی كرد كە دەبێ ٦ ملیۆن كەس لە كوردستاندا بە ڤاكسین بكوتن. بەڵام تاوەكو ئێستا نە سەرۆكی حكومەت و نە وەزارەتی تەندروستی پلانێكی ئەوتۆیان نیە بۆ دابینكردنی بڕی پێویستی ڤاكسین. هاوكات بودجەیەكی دیاریكراویش دانەنراوە بۆ ئەو مەبەستە.
سەرباری تێبینەیەكانمان لە بارەی ڤاكسینە چینیەكەوە، بەڵام هاوكات بە بۆچۆنی ئێمە هەبونی ئەو ڤاكسینە و بەكارهێنانی لە نەبونی باشترە. بەڵام داوا دەكەین بە زوترین كات وەزارەتی تەندروستی و حكومەتی هەرێم پلانێكی تۆكمە دانێن و ئاشكرا بكەن بۆ چۆنیەتی بەدەستهێنانی ڤاكسینی كواڵیتی بەرزتر بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی فراوانتر بەكاربێ.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٣/٤