سەردێر

شەپۆلێكی لێزمە باران و ڕەشەبا هەرێم دەگرێتەوە و بەفر دەبارێت

خەڵك-
بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، شەپۆلێكی لێزمە باران ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و ڕەشەبای لەگەڵ دەبێت و پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە و لە ڕۆژی هەینی كۆتایی پێ‌ دێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، پێش نیوەڕۆ سبەینێ پێنج شەممە كۆتا قۆناغی كاریگەری ئەم شەپۆلە ڕوو لەناوچەكانمان دەكات و سەرەتاش لە سنوری پارێزگای دھۆك بەشێوەی بارانبارینی پچڕ پچڕ و مامناوەند دەستپێدەكات لەكاتەكانی نیوە شەو بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی ھەینی كاریگەری بەھێز ئەبێت و كاریگەریەكانی درێژ ئەبێتەوە بۆ تەواوی ناوچەكانی دیكەی هەرێم.
ڕاشیگەیاند، بارانبارینی بەخوڕ و ھەورە تریشقە و خێرایی با لەگەڵیدا چالاك ئەبێت لە ئاراستەی باكوری ڕۆژھەڵاتەوە بەخێرایی ١٥-٢٠ كم لە كاتژمێرێكدا و پلەكانی گەرما بەڕێژەی ٣-٥ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.

ئەو شارەزا كەشناسییە ئاشكراشی كرد، لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكاندا لە بەرزی ١٦٠٠ مەتر زیاتر لە ئاستی ڕووی دەریا ئەگەری بارینی بەفر ئەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە پێش نیوەڕۆی ھەینی كاریگەری ئەم شەپۆلە بەگشتی لاواز ئەبێت و كۆتایی پێدێت لە زۆرینەی ناوچەكان، بەڵام لە سنوری (سلێمانی، ھەڵەبجە، ڕاپەڕین) تاكاتەكانی ئێوارە ئەگەری بارانبارینی پچڕ پچر هەیە و دواتر كۆتایی پێدێت و كەش ئاسای ئەبێتەوە .

پێشبینی ئەوەش دەكات، “زۆرترین ڕێژەی بارانبارین لە ناوچەكانی سنوری (دھۆك، ھەولێر، ڕاپەڕین) بێت ٢٠ بۆ ٤٠ میلیمەتر، بەڕێژەی مامناوەند لەناوچەكانی سنوری پارێزگای (سلێمانی، ھەڵەبجە) ١٥ بۆ ٢٥ میلیمەتر و بەرێژەی كەم لەناوچەكانی سنوری (كەركوك، گەرمیان ) ٥ بۆ ١٢ میلیمەتر “.