سەردێر

ئەمشەو تەواوی بازگەكانی هەولێر دادەخرێن

خەڵك-
وابڕیارە لە كاتژمێر 12ی ئەمشەو، تەواوی بازگەكانی چوون بۆ پارێزگای هەولێر دابخرێن، ئەمەش وەك ڕێكارێك بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لەلایەن پارێزگاكەوە دەگیرێتەبەر.

سەلام خۆشناو، بەڕێوەبەری بازگەكانی پارێزگای هەولێر ڕاگەیاندووە”هاووڵاتییان و گەشتیاران ئاگاداردەكەنەوە، لە كاتژمێر 12ی ئەمشەوەوە، بڕیاری ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەكەن و سەرجەم بازگەكانی هاتن بۆ ناو پارێزگای هەولێر دادەخەن”.

بە وتەی بەڕێوەبەری بازگەكانی پارێزگای هەولێر، “سەرجەم بازگەكانی هاتن بۆ ناو هەولێر، لە پارێزگاكانی دیكەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دادەخرێن، رێگە بە هیچ هاووڵاتییەك و گەشتیارێك نادرێت بێتە ناو پارێزگای هەولێر”، داواشی لەو هاووڵاتییانە كردووە كە بە نیازن لە رۆژانی كۆتایی هەفتە بێنە ناو پارێزگای هەولێر،” لە كاتژمێر 12ی شەوی چوارشەممەوە نەیەن و خۆیان لە رێگە نەدەن، چونكە بە گوێرەی بڕیاری ژووری ئۆپەراسیۆن بە هیچ شێوەیەك رێگه ‌نادرێت كەس بێتە ناو هەولێر”.

لای خۆشیەوە، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمشەو کاتژمێر 12ی شەو بازگەکانی پارێزگای هەولێر، لەگەڵ پارێزگاکانی تری ناوەڕاست و باشوری عێراق دادەخرێت، جگە لە هاتووچۆی شاندە فەرمییەکانی حکومی و دیبلۆماسی و هاوپەیمانان و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکان.

ڕاشیگەیاندووە، ئەم بڕیارە هاتووچۆی هاووڵاتییانی پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگای هەولێر ناگرێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی هەرێم، كە ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە، لە هەولیر 112 كەس و سلێمانی 45 كەس و لە گەرمیان 8 كەس و دهۆك 72 كەس تووشی كۆرۆنا بوون.

بەپێی بڕیارێكی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بازگەكانی پارێزگاكە لەگەڵ پارێزگاكانی تری عێراق ، لە رۆژانی 5 تا 7ی ئادار دادەخرێن.