سەردێر

پارێزگاری هەولێر سەردانی حزبەكان دەكات

خەڵك-ئارام سەردار

ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی ئاداری ٢٠٢١ پارێزگاری هەولێر بەمەبەستی دروستكردنی هەماهەنگی هاوكاریی لە نێوان ئیدارەی پارێزگا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان سەردانی لایەنەسیاسییەكان دەكات و یەكەم سەردانیشی بۆ لای مەڵبەندی یەكێی لەهەولێر بوو.

ڕێبوار ئیسماعیل، لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەدوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگار ڕایگەیاند، ئەو ئەركەی لەسەر پارێزگارە ئەركێكی ئاسان نییە و قوڕسە و سەردانیشی بۆ لای لایەنە سیاسییەكان دەستپێشخەرییەكی باشە نیشانەی هەماهەنگی كاركردنە لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر و بەیەكەوە كاركردنێك كە هەمووان لێی سوود مەندببن، ئێمەش وەك یەكێتی هەرچییەكی پێویست بێت هاوكار دەبین لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی.

دەشڵێت، داوامان لەپارێزگاری نوێی هەولێر كردووە، كەس وكاری شەهیدان و ئەوانەی كە لە شەڕی دژی داعش شەهید بوونە، زەویان پێ بدرێت، هاوكاربێت بۆ هەڵگرتنی ڕێگری و بەربەستەكانی كاركردنی بەیەكەوە.

لای خۆشیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، كاری ئێمە دوور دەبێ لە حزبایەتی بۆ هەموو خەڵكی هەولێر كاردەكەین، لەچوارچێوەی بەرنامەیەك سەردانی لایەنەكان دەكەین، دوو ئامانجمان هەیە یەكێكیان خزمەتكردنی خەڵك و باشكردنی خزمەتگوزاری لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر، لایەنە سیاسیەكانیش هاوكارمان بن و تێبینییەكانی خۆیان بەئێمە بڵێن بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتگوزارییەكانمان فراوانتر بكەین.

پارێزگاری هەولێر وتیشی، كۆڕۆنا هێشتا مەترسییە بەڵام نامانەوێت بارگرانی بكەوێتە سەر شانی هاوڵاتیان، داوا دەكەین ڕێنماییەكانی و خۆپارێزی جێبەجێ بكەن.