سەردێر

نامەیەكی كراوە ئاڕاستەی پارێزگاری سلێمانی دەكرێت

خەڵك

دانیشتووانی گەڕەكی پێشەوا لە شارەدێی بازیان نامەیەكی كراوە ئاڕاستەی پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری شارەدێیەكەیان و بەڕێوەبەری شارەوانی دەكەن.
دەستەی نوێنەرانی دانیشتووانی گەڕەكی پێشەوا لە نامە كراوەكەدا ئاماژە بەوە دەكەن، لە پارەی پەرەپێدانی پڕۆژەكان بۆ ساڵی 2021 كە حكومەتی هەرێم دیاریكردووە، پڕۆژەی قیركردنی گەڕەكەكەیان بۆ تەواو بكرێت كە ماوەی 30 ساڵە ئاوەدانە و تا ئێستا شەقامەكانی قیر نەكراوە.

 

دەقی نامەكە:

نامەیەكی كراوە بۆ پارێزگاری سلێمانی

بەڕێوبەری ناحیەی بازیان

بەڕێوبەری شارەوانی بازیان

سڵاو..

هەروەك ئاگادارن سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی رۆژی ٢٣ ی شوباتی ٢٠٢١ ، لەگەڵ پاڕێزگاری پارێزگاكان وبەرپرسی ئیدارە سەربەخۆكاندا، بری پارەی پەرەپێدانی پرۆژەكانی بۆ سالی ٢٠٢١ دیاری كرد.

لەم نێوەندەدا، بڕیاردرواە، بڕی ( ١٤١ ملیار و ٣٥٠ ملیۆن) دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی پارێزگای سلێمانی تەرخان بكرێت.

هاوكات دەسەڵاتی خەرجكردنی ئەم بڕە پارەیە، دراوە بە پارێزگاكان بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان.

بەرپرسان ئیداری، لە قایمقامیەتی سلێمانی، ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەولەویەتی تەرخانكردنی ئەم بڕی پارەیە بۆ پرۆژە تەواو نەكراوەكانی ساڵانی رابوردوو (٢٠١١، ٢٠١٢ ، ٢٠١٣) دەبێت. هەروەها پێویستە بەشێكی بەرچاوی ئەم پارەیە بۆ ڕێگا و بانەكان، تەرخان بكرێت.

گەڕەكی (پێشەوا) لەناحیەی بازیان، كە دەكەوێتە ناوەراستی ناحیەكە و بەشێكی بەرچاو لە كۆڵانەكانی دەكەونە سەر بازاڕی سەرەكی، كە چەندین دوكانی فرۆشتنی خواردن و خواردنەوە و هەروەها دەرمانخانە و سەرتاشخانە و فرۆشتنی كەل وپەلی رۆژانەی جیاواز لەخۆدەگرێت، ئەم گەڕەكە لە دامەزراندنی ناحیەی بازیانەوە تاوەكو بەشێكی زۆر لە جادە وكۆڵانەكانی قیرتاونەكراون، ئێمە دەستەیەك لە نوێنەرانی ئەم گەرەكە وهەروەها بەشێك لەگەڕەكی برایەتی لە ناوەراستی ساڵی ٢٠١٨ دەدا، هەڵمەتێكی واژۆكۆكردنەوەمان دەستپێكرد بۆ داواكاری قیرتاوكردنی شەقام و كۆڵانەكان، سەرئەنجام بەرپرسانی ئیداری و پارێزگا، داواكاری ئێمەیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران رەوانە كرد (نوسراوی رەسمی پارێزگاری سلێمانی ژمارە ٦٣١٠، بەررواری ٥-٧- ٢٠١٨)، بەڵام بەبیانۆی نەبوونی بودجەی تەرخانكراوی پێویست بۆ پاڕێزگاكان، تائێستا ئەم داواكارییەی ئێمە جێبەجێنەكراوە، هەربۆیە داواكارین لە ئێوە، كە لەئێستادا ئاگاداری ئەم بڕیارەن. كێشە و ناخۆشییەكانی دانیشتوانی هەردوو ئەم گەرەكە لەبەرچاوبگرن، كەنزیكەی ٣٠ ساڵە، كۆڵانەكانی قیرتاونەكراوە، منداڵان و بەساڵاچوان لەوەرزی زستاندا، بەنێو قوڕ و ناخۆشی رێگاكان بەسەختی هاتوچۆدەكەن و لەوەرزی هاویندا، تەپ وتۆزی رێگا خۆڵاوییەكان، دەچێتە نێو ماڵەكانیان. هاوكات بەرپرسیاریەتی راستەقینەی خۆتان لەبەرانبەر ئەم داواكارییە بخەنەڕوو.

دەستەیەك لەنوێنەرانی گەڕەكی پێشەوا- ناحیەی بازیان

1-3-2021