سەردێر

نێچیرڤان بارزانی: پەسندكردنی پڕۆژەیاسای ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی دەستپێكێكی گرنگە

خەڵك
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی پەسندكردنی پڕۆژەیاسای ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی پەیامێكی بڵاوكردەوە و ئاماژە بەوە دەكات، “ئەوە هەنگاو و دەستپێكێكی گرنگە بۆ قەرەبووكردنەوەی خوشك و برایانی ئێزدیمان و دڵنیاییدان لە بایەخدان بە پاراستن و ژیانیان”.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پڕۆژەیاسای ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی پەسندكرد. لەو بارەیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی هەموو فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەكات و داواش دەكات، “بە شێوەیەكی خێرا دەست بە جێبەجێكردنی هەموو خاڵەكانی ناو یاساكە بكرێت، چونكە بارودۆخی هەموو ژنە ڕزگاربووە ئێزدییەكانمان و منداڵ و خێزانەكانیان پێویستی بە هاوكاریی خێرا و هەمەلایەنەیە”‌.

لە پەیامەكەیدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان نووسیویەتی “خوشك و برایانی ئێزدی دووچاری كۆمەڵكوژییەكی زۆر گەورە و وەحشیگەرییەكی زۆر بوون بە ڕفاندنی ژنان و منداڵانیان و كۆمەڵكوژكردنی پیاوەكانیان، سەرەڕای وێرانبوونی زۆربەی دەڤەری شنگال و دەربەدەربوونی زۆربەی خەڵكی ئێزدی كە بێگومان ئەوەش پێویستی بە ئاوڕدانەوە و بڕیاری زیاترە بۆ ئەوەی هەموو ئێزدی دڵنیابن كە دەتوانن بە دڵنیاییەوە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و دەستی ئاوەدانكردنەوە و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان دەگاتە ناوچەكەیان، هەنگاوی گرنگیش بۆ ئەو مەبەستە جێبەجێكردنی هەموو خاڵەكانی ڕێككەوتننامەی شنگالە”.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەوان لە ڕێگەی نووسینگەی ڕزگاركردنی رفێندراوانی ئێزدییەوە توانیویانە تائێستا (3,545) ئافرەت و پیاو و منداڵی ئێزدی ڕزگار بكەن، “خوشك و برایانی ئێزدی دڵنیا دەكەینەوە كە وەك ئەركی خۆمان بە هەموو شێوەیەك بەردەوام دەبین بۆ ڕزگاركردن و ئاشكرابوونی چارەنووسی ئەو (2,768) ئێزدییەی تائێستاش ونن”.