سەردێر

مەسرور بارزانی؛ حكومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەك داكۆكی و پشتگیریی لە ئازادیی كاری ڕۆژنامەگەریی لە كوردستان دەكات

خەڵك-

حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، حكومەت زەمینەی ئازادی ڕادەربڕینی بۆ ڕاگەیاندنكاران دەستەبەر كردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵی كاریگەری خۆیان لە كۆمەڵگەدا بگێڕن، دەشڵێت،”نابێ ڕێگە بدەن پیشەی پیرۆزی ڕۆژنامەگەریی، بە مەبەستی ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوە و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی بەكاربهێنرێت”.

مەسرور بارزانی ، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 2021/3/1 لە گەڵ نەقیب و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان كۆبووەوە، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و ئەندامانی ئەنجومەنەكە ، كورتەیەكیان دەربارەی كار و چالاكییەكانی سەندیكاكەیان خستەڕوو و ئاماژەیان بە وەدا، كە لە هەرێمی كوردستان، ئازادی ڕاگەیاندن هەیە، بەڵام كاری میدیایی لە هەرێم ، لە ڕووی یاسایی و پیشەییەوە، پێویستی بە ڕێكخستنەوە هەیە بۆ ئەوەی ڕێگری لەو پشێوییە بكرێت كە لە بواری ڕاگەیاندن هەیە.

سەرۆكی حكومەت جەختی لە پشتیوانی و پشتگیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاكارانی كوردستان و كاری ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمدا و ئاماژەی بە ڕۆڵ و پێگەی ڕۆژنامەنووسان كرد، لە هوشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و هاوكاریكردنی حكومەت لە دەستنیشانكردنی گرفت و كێشە و سەرپێچییەكان، بەمەبەستی نەهێشتنیان و چاككردن و باشتركردنی ئەزموونی حوكمڕانیی لە كوردستاندا، ئازادی ڕادەربڕین بنەمایەكی سەرەكی كۆمەڵگە پێشكەوتووەكانە.
سەرۆكی حكومەت دووپاتیكردەوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، زەمینەی ئازادی ڕادەربڕینی بۆ ڕاگەیاندنكاران دەستەبەر كردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵی كاریگەری خۆیان لە كۆمەڵگەدا بگێڕن. گوتیشی ڕاگەیاندنكارانی كوردستان ، نابێ ڕێگە بدەن پیشەی پیرۆزی ڕۆژنامەگەریی، بە مەبەستی ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوە و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی بەكاربهێنرێت.

سەرۆكی حكومەت دڵنیاییدا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هەموو شێوەیەك داكۆكی و پشتگیریی لە ئازادیی كاری ڕۆژنامەگەریی لە كوردستان دەكات، بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنكارانی كوردستان، بتوانن بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵانە و دوور لە هەر ئەجێندایەكی ناپیشەییانە ، كاری خۆیان ئەنجام بدەن، بە جۆرێك لە بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی دەسكەوتە نیشتمانییەكان بێت.