سەردێر

مەسرور بارزانی؛ هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر پەلامارێكی تیرۆریستی بوو

خەڵك-
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، هێرشە مووشەكییەكەی سەر بنكەی سەربازی ئەمریكا لە فڕۆكخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پەلامارێكی تیرۆرستی بوو و دەشڵێت ،”رێكخراوی داعش سوود لەو بۆشاییە ئەمنییە وەردەگرێت، كە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان درووست بووە”.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی دیمانەیەكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فرانس24 ڕایگەیاند، ئەو هێرشەی شەوی 15ی ئەم مانگە كرایە سەر بنكەی ئاسمانی هێزە ئەمریكییەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، كە تێیدا ژمارەیەك كەس شەهید و بریندار بوون، گومانی تێدا نییە كە پەلامارێكی تیرۆریستی بوو.

ڕاشیگەیاندووە، كە لێكۆڵینەوەكان لەبارەی ئەو هێرشە هەنگاوی باشی ناوە و لە زانیارییە سەرەتاییەكان دەركەوتووە، كە چ لایەنێك لە پشت ئەنجامدانی ئەو هێرشە بووە‌، بەبێ ئەوەی ناسنامەكەی ئاشكرا بكات.

ئاشكراشیكردووە، رێكخراوی تیرۆریستی داعش هەڕەشەی بەردەوامی لە ناوچەكە دروستكردووە و لە ئێستادا داعش خەریكی خۆ ڕێكخستنەوەیە و سوودی لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرگرتووە، كە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان درووست بووە و توانیویەتی‌ چەكداری زیاتر بباتە ناو ریزەكانی رێكخراوەكەی و تا ئێستا چەندین كردەوەیان لە دژی هێزە ئەمنییەكانی عێراق ئەنجامداوە، لە هەندێك حاڵەتیشدا هاووڵاتیانی سڤیلیش دەكەنە ئامانج، بۆیە داعش تائێستاش كێشەیەكی سەرەكییە.

داواشكردووە ، كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە وردی چاودێری چالاكی و بەرەوپێشچوونەكانی داعش بكات.

سەبارەت بە سەردانەكەی پاپای ڤاتیكانیش بۆ هەرێمی كوردستان، كە بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا ئەنجامی بدات، ئەو سەردانەی بە مێژوویی وەسف كرد و ڕایگەیاندووە، ئەو سەردانەی پاپا رێزلێنانێكە نەك تەنیا بۆ مەسیحییەكانی ناوچەكە، بەڵكو بۆ پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لە هەرێمی كوردستان و هیواشی خواست، ئەو سەردانەی پاپا فرانسیس ببێتە هۆی پشتیوانییەكی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ ئاوارەكانی ناوخۆ.

 

لينك

https://www.france24.com