سەردێر

ئەنجامی پشكنینی كۆرۆنا، كێشەی بۆ خوێندكاران دروستكردووە

خەڵك

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ، پێویستە ئەو خوێندكارانەی نیشانەی كۆرۆنایان هەیە و سەردانی نەخۆشخانە دەكەن بۆ پشكنین تا دەرچوونی ئەنجامی پشكنینەكەی نەچنەوە ناوەندەكانی خوێندن.

لەگەڵ دەستپێكی خوێندن، ئەو خوێندكارانەی بەهۆی بوونی نیشانەی كۆرۆنا سەردانی نەخۆشخانەكانی تایبەت بە پشكنینی كۆرۆنا دەكەن، بەڵام ئەنجامەكانیان چەند ڕۆژێكی پێدەدچێت و ئەوان گلەیی ئەوە دەكەن، كە ئەنجامەكەیان درەنگ پێدەدرێتەوە، بۆیە دەچنەوە خوێندنگاكانیان ئەگەر توشی كۆرۆنا بووبن ئەوا ئەوانی دیكەش تووشی دەكەن.

عەبدوڵڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، لە ئێستادا لە سلێمانی ماوەی چەند ڕۆژێكە پشكنینەكانی كۆرۆنا چڕكراوەتەوە و لە نێوان چین و توێژەكان بەتایبەت خوێندكاران، ئێستا ڕۆژانە لە ماوەكانی پێشوو زیاتر پشكنین ئەنجامدەدرێت.
وتیشی،” لە سلێمانی تاقیگەی پێشكەتوو دەستەبەركراوە و لە ئێستادا ڕۆژانە ئەنجامدانی پشكنین زۆر زیاتر لە جاران دەكرێت ، كارمان بۆ ئەوەكردووە زۆر خێراتر ئەنجامەكان بدرێتەوە بە خوێندكاران”.

ڕاشیگەیاند ، ڕەنگە لێرە و لەوێ حاڵەت هەبن، كە ئەنجامی پشكنینەكانی خوێندكاران چەند ڕۆژێكی پێ بچێت، بەڵام ئێمە لە ئێستادا كارمان لەسەر ئەوە كردووە زۆر خێرا ئەنجامەكان بدرێتەوە بە خوێندكاران .

ئاشكراشیكرد، هەمیشە ئێمە ڕێنمایی ئەوە دەدەینە هاووڵاتیان و خوێندكاران ئەوانەی نیشانەی كۆرۆنایان هەیە زوو سەردانی ناوەندەكانی پشكنینی كۆرۆنا بكەن ، یان تەندروستی لێ ئاگادار بكەنەوە، نابێت ئەو خوێندكارانەی نیشانەیان هەیە، بگەڕێنەوە قوتابخانەكان تا ئەنجامەكانیان دەردەچێت .

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەو كەسانەی دێنە تاقیگەكان ئەگەر نیشانەی كۆرۆنایان نەبێت، دەتوانن بگەڕێنەوە ناوەندەكانی خوێندن .