خەڵك-
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێشوزای لە وەزیری ناوخۆی حكومەتی فیدراڵ كرد و گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی ئەمنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی كرا .
مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شەممە 2021/2/27 پێشوازی لە عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی حكومەتی فیدراڵ كرد و لەدیدارێكدا گفتوگۆیان دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی ئەمنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی كرد، بەتایبەت لەسەر پرسی هێرشە مووشەكیەكەی سەر هەولێر، كە لە ئەنجامی هەماهەنگی باشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی ئەنجامی باش بەدەستهاتوون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە جەختی لە گرنگی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشا و هێزەچەكدارە نایاساییەكان لە دەڤەرەكە كرد و سوپاسی وەزیری ناوخۆی فیدرڵ كردووە، بۆ هەوڵەكانی لە پێناو چارەسەركردنی كێشەكان.
باسی لەوەشكردووە، لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عیراق ئاماژەی بە بەردەوامی سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی و دەستدرێژیكردنە سەر هاووڵاتییانی كورد و داگیركردنی زەویوزارەكانیان لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كردووە، كە ئەم جۆرە دۆخە نائاسایی و نادەستوورییە، لە بەرژەوەندی خەڵكی عێراق نییە و پێویستە ڕێگری لێ بكرێت.
ئاشكراشیكردووە، كە دانوستانەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی تایبەت بە بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، تەوەری دیكەی گفتوگۆكانیان بوو.