سەردێر

پەرلەمانتارێكی پارتی: داهاتی حكومەت دوو تا سێ هێندە زیادی كردووە

پەرلەمانتارێكی پارتی ڕادەگەیەنێت، ھەرێمی كوردستان لە چاو پێش ھاتنی كۆرۆنا، دوو تا سێ ھێندە زیادی كردووە.


ئەرشەد حسێن ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاند، بە ھۆی ئەوەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان چەند ھەنگاوێكی لە بواری ئابووری ناوە و چەند فاكتەرێكیش بوونەتە ھۆی ئەوەی دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان باشتر بێت، داھاتی ھەرێمی كوردستان لە چاو پێش ھاتنی كۆرۆنا، دوو تا سێ ھێندە زیادی كردووە.

ئەرشەد حسێن وتیشی، داھاتی ھەرێمی كوردستان لە چاو ڕابردوو زیادی كردووە، ئەوەش بۆ چەند فاكتەرێك دەگەڕێتەوە، وەكو جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و ڕێكخستنەوەی باج و بە ئەلكترۆنیكردنی خەرجییەكان و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و نەوت، بۆیە ئەمانە وایان كردووە كە داھاتی ھەرێمی كوردستان زیاد بكات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەشدا، داھاتی ھەرێمی كوردستان لە چاو پێش كۆرۆنا، دوو تا سێ ھێندەی ئەوكات زیادی كردووە، ئەمەش ئاماژەیەكی دڵخۆشكەرە كە دۆخی ھەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە بەرەو باشتر بچێت.

ئەرشەد حسێن ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا دۆخی ھەرێمی كوردستان بە ھۆی ئەو ھەنگاوانەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ناویەتی، زۆر باشتر بووە و حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش لە باشتركردنی دۆخی ئابووریدا سەركەوتوو بووە، نمونەش ئەوەیە كە دەبینین داھاتی ھەرێمی كوردستان چۆن زیادی كردووە و ھەنگاوەكانیش بەردەوام دەبن تا دۆخەكە باشتر دەبێت و داھاتیش زیاتر دەبێت.

خەڵك – بەشی هەواڵ