سەردێر

ئێران پێدانی ڤیزای لە سلێمانی ڕاگرت

سەركونسوڵگەری ئێران لە سلێمانی ڕایگەیاند، بۆ ماوەی دوو هەفتە پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیان ڕادەگیرێت.

سەركونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “لە سبەینێ‌ پێنج شەممە (25/2/2021)ەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە پێدانی ڤیزا ڕادەگرین، هۆكاری ئەمەش بۆ داخستنی هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ و پەروێزخان دەگەڕێتەوە”.

سەركونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی وڵاتەكەی ئاگادار دەكاتەوە كە بە بڕیاری دەستەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنای پارێزگای كوردستان، هاتووچۆی گەشتیاران لە سنووری باشماخەوە لە ڕۆژی پێنجشەممە 25/2/2021 بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕادەگیرێت.

سەركونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە، بە بڕیاری دەستەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنای پارێزگای كرماشانیش، هاتووچۆی هاووڵاتیان لە سنووری پەروێزخانەوە ڕاگیراوە. سنورە ناوبراوەكان بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتیانی عیراقی و ئێرانی بۆ وڵاتەكانیان كراوە دەبێت.

سەركونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی ڕوونیشیكردووەتەوە، بەم هۆیەوە پێدانی ڤیزا لە سەركونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە سبەینێ پێنجشەممە بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕادەگیرێت. ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتووچۆی شۆفێرانی ترانزێت لە سنوورەكانەوە بە ڕەچاوكردنی پڕۆتۆكۆڵە تەندروستییەكان بەردەوام دەبێت.

جێی ئاماژەیە، بڕیارەكەی ئێران بۆ ڕاگرتنی ڤیزا ‌و داخستنی دەروازەكان، بەڕووی گەشتیارانی عیراق‌ و هەرێمی كوردستاندا، لە چوارچێوەی ڕێكارە خۆپارێزییەكانی ئێراندا دێت، بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو كە لە عیراق‌ و هەرێمی كوردستان بڵاوبووەتەوە.

خەڵك – بەشی هەواڵ



هەلبژاردە

گرنگترینەکان