سەردێر

توركیا ناوچەكانی قەندیل بۆردومان دەكات

خەڵك-
جارێكی دیكە فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا بەبیانووی بوونی بارەگاكانی پەكەكە، ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە دەورووبەری قەندیل بۆردومان دەكات.

بەپێی شایەتحاڵانی ڕووداوەكە، ئەمڕۆ چوار شەممە جارێكی دیكە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومانی ناوچەكانی زینی وەرتێ‌-یان لە دەوروبەری زنجیرە چیاكانی قەندیل لە سێ‌ گۆشەی سنووری هەر سێ‌ بەشی كوردستان (ڕۆژهەڵات و باشوور و باكور) كردووە، كە دەكەونە ژێر كۆنتڕۆڵی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بەهۆی بۆردومانەكەوە ئاگر و دووكەڵ لە ناوچەكە بەرزبۆتەوە، بەڵام تا ئێستا زیانە گیانی و ماڵییەكان نەزانراون.

هاوكات فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا هەر ئەمڕۆ بنكە و بارەگاكانی پەكەكە-یان لە ناوچەكانی نزیك ئامێدی لە پارێزگای دهۆك بۆردومان كردووە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە دوێنێ‌ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ناوچەكانی هەردوو گوندی چەمانكێ و سكێر-ییان بۆردومان كرد و لەم مانگەشدا هێرشێكی فراوانیان بۆ سەر چیای گارە دەستپێكرد، بەلام لە شەڕێكی 4 ڕۆژەدا سوپای توركیا شكا و بەپێی ڕاگەیەنراوێكی هەپەگە، “15 گەریلا شەهید بوون و زیاتر لە 37 چەكداری توركیا كوژراون و گورزێكی توند لە توركیا وەشێنرا”.