سەردێر

هۆكاری دواخستنی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ئاشكرا دەكرێت

خەڵك-
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان، هۆكاری دواخستنی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا ئاشكرا دەكات و دەڵێت، پێدەچێت پەیوەندی بە وادەی دانیشتن لەگەڵ لایەنەكان و نائامادەیی هەندێكیانەوە هەبێت، گەشبینی خۆشی بەرانبەر بە گەیشتن بە ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ دەخاتەڕوو.


عوسمان كەریم، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند”هۆكاریی دواخستنی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەنگە پەیوەندی بە وادەی چاوپێكەوتن و كۆبوونەوەكان و نائامادەیی لایەنی بەرانبەرەوە هەبێت كە واچاوەڕوان دەكرێت ئەم سەردانە چارەنوسساز بێت و لێوەی ڕێكەوتنی كۆتایی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەكان بكرێت لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021″.

عوسمان كەریم، گەشبینی خۆی خستەڕوو بەرانبەر بە گەیشتن بە ڕێكەوتن لەگەڵ بەغدا و لایەنە سیاسییە عیراقییەكان و وتی:”پێًشتر هەندێك لە لایەنە شیعەكان پێداگری و گوشارییان دەكرد، تا حكومەتی هەرێم سازشی زیاتر بكات، بەڵام لەئێستادا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە بودجەی گشتی عیراق، بەبێ‌ چارەسەركردنی كێشەی بڕگەی تایبەت بە هەرێمی كوردستان تێناپەڕێنرێت، بۆیە پێویستە ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا بكەن، لەو بارەیەشەوە نەرمییان نواندووە”.

پێشتر فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە میدیاكانی نزیك لە پارتی ديموكراتى كوردستانى ڕاگەیاندبوو، سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لەپێناو دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، بۆ كاتێكی نادیار دواخرا، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاریی زياتر لەبارەی هۆكاریی دواختستنەكەوە بخاتەڕوو.