خەڵك-
نزیكەی 20 ڕۆژە دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بەڕوووی پڕۆسەی خوێندن كراوەتەوە و تا ئێستا ژمارەیەك خوێندنگە و پۆل كەرەنتین كراون بەهۆی تووشبوونی خوێندكاران و مامۆستایان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و وەزیری پەروەردەی هەرێم-یش پێی وایە كاتێك خوێندنگەكان دادەخرێن، كە دۆخەكە بگاتە ئاستی مەترسیدار.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، لەناو ناوەندەكان توشبوون هەبووە بە كۆرۆنا و تا ئێستا 3 خوێندنگە و چەندین پۆل كەرەنتین كراون و داخراون.
ڕاشیگەیاندووە، هەموو ڕۆژێكی پێنج شەممە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە دەكەن، بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنی تەندروستی ڕێژەیەكی مەترسیدار نییە تا ناوەندەكان دابخرێن.
جەختیشی كردۆتەوە، تەنها 3 ڕۆژی نەورۆز و 3 ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دەكرێنە پشوو، بەڵام پشووەكانی بەهارە ڕاگیراون.
ئاشكراشی كرد، زیاتر له یەك ملیۆن و 800 ههزار خوێندكار له وهرزهی خوێندنی ئهمساڵدا بهشدارن و بۆ كردنەوەی باخچەی ساوایانیش ئەوا دەبێت لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا بڕیار بدات.