سەردێر

پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق تەنها چاوەڕێی پشكی هەرێمە

خەڵك-
لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق كۆتایی بە ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی هێنا و تەنها پشكی هەرێم ماوە بۆ یەكلایی كردنەوە.

شاندەكەی هەرێم دەچێتەوە بەغدا
بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بگاتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دواین پێشنیاری لایەنە شیعەكان لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەدا.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تاكو ئێستا شاندەكەی هەرێم كۆبوونەوەی باشیان ئەنجام داوە و وەڵامەكان ئەرێنین و ئەم هەفتەیە پشكی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بوجەی عێراق یەكلایی دەبێتەوە.

وتیشی، “هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجە، بەڵام چاوەڕێ دەكەین كۆتایی ئەم هەفتەیە دەنگی لەسەر بدرێت”.

بودجە تەنها لەسەر هەرێم وەستاوە
لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، گەیشتونەتە داڕشتنەوەی كۆتایی بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2021 و تەنها خاڵێك، كە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە تایبەتە بە دەقی تایبەت بە پابەندی و شایستەكانی هەرێمی كوردستان.

ڕاشیگەیاندووە، “داوا لە سەرجەم كوتلە سیاسی و پەڕلەمانییەكان دەكەین پەلە بكەن لە گفتوگۆكان و ڕێككەوتن لەسەر ئەو ڕەشنووس و پێشنیارەی خراوەتەڕوو”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە پڕۆژە یاسای بودجەدا سەرجەم مافەكانی فەرمانبەران و هاووڵاتیان و كارمەندان لەسەرجەم كەرتە جیاوازەكان و سەرجەم پێكهاتەكان دابین كراوە و داواكاری وەزارەت و پارێزگاكان گرنتی كراوە لە پڕۆژە خزمەتگوزاری و ستراتیجییەكان.

كێشەی هەرێم و عیراق لەسەر چییە؟
بەهۆی ناكۆكییەكانی هەرێم و عیراق لەسەر پشكی هەرێم و پابەندییەكانی لە ڕادەستكردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ تا ئێستا گفتوگۆكان لەنێوان هەولێر و بەغدا و بەتایبەتی لایەنی شیعە بەردەوامە و بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا یەكلایی بكرێتەوە و بودجە بخرێتە بەردەم پەڕلەمان بۆ پەسەند كردنی.

بەپێی زانیارییەكان، لایەنە شیعەكان داوای ڕادەستكردنی نیوەی داهاتی دەروازەكان و بڕی ٤٣٠ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە لەلایەن ھەرێمی كوردستانەوە دەكەن، كە بدرێت بە سۆمۆ و ھەر سۆمۆش كاری فرۆشتن و بە بازاڕگرتنی لە ئەستۆ بگریت و پێویستییەكانی ھەرێم لە ناوخۆ و تێچووی كۆمپانیا نەوتییەكان ھەریم بە نەوتی بدریتەوە بە ھەرێمى كوردستان و لەبەرامبەردا پشكی 12.67ی بودجە بدەن بە هەرێم، كە نزیكەی 14 ترلیۆن دینارە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، حكومەتی هەرێم لەڕێگەی شاندی دانوستانكارییەوە تەنها بەو ڕەشنووسە ڕازییە، كە پێشتر حكومەتی عیراقی لەناو پڕۆژە یاسای بودجەدا جێگیری كردووە، كە بریتیە لە 250 هەزار بەرمیل نەوت یان داهاتەكەی بەنرخی سۆمۆ لەگەڵ نیوەی داهاتی نانەوتی هەرێم.