سەردێر

قائیمقامیەتی سلێمانی؛ بەهۆی بوونی نەوجەوان لەشوێنەكەیاندا گازینۆیەك و بلیاردێك دادەخات

خەڵك-
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار لە لیژنەی باڵای قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی هەبوونی نەوجەوان و پابەندنەبوون بەڕێنماییەكانی كاركردن لەشوێنەكەیاندا، گازینۆیەك و بلیاردێك لە گەڕەكی بەكرەجۆ داخرا .

شوان مەعروف ، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار لەلیژنەی باڵای قائیمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەممە 21-2-2021 رایگەیاند، بەهۆی هەبوونی نەوجەوان لەشوێنەكەیاندا و ڕێگرینەكردن لە هاتووچۆكردنیان و پابەندنەبوون بەمەرجەكانی دیكەی كاركردن، لەلایەن لیژنەی ریستۆرانتی قائیمقامیەتەوە‌ گازینۆی دێرین و بلیاردی كۆماس لەگەڕەكی بەكرەجۆی شاری سلێمانی داخران.

ڕاشیگەیاند، بەپێی یاسا، هەر نەوجەوانێك هاتووچۆی هۆڵەكانی بلیارد، كۆفی شۆپی كێشانی نێرگەلە، كافتریا، شوێنەكانی فرۆشتن و پێشكەشكردنی خوردنەوە كحولییەكان، بكات و لەلایەن خاوەنەكانیانەوە ڕێگری لێ نەكرێت، دادەخرێن و خاوەنەكانیشیان ڕووبەڕووی رێكاری یاسایی توند دەكرێنەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، یەكێكی دیكە لە سەرپێچییەكانی گازینۆی دێرین و بلیاردی كۆماس هەبونی كەموكورتییە لە شوێنەكانیان و پابەند نەبوونیانەن بەمەرجەكانی دیكەی كاركردن، كە ئەمەش پێچەوانەی ڕێنماییەكانی لایەنە پەیوەندیدارەكانە بە مۆڵەت پێدانیان، بۆیە پێویستە ڕووبەڕووی سزا بكرێنەوە.