سەردێر

پارتی لە بارەی لامەركەزیەوە وەڵامی یەكێتی دەداتەوە

خەڵك-
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، موبادەرەكەی عەممار حەكیم بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەكەی زۆرینەی كورد و سوننە و شیعەكانە بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردن عیراق تووشی كێشە نەبێت، دەشڵێت: “لامەركەزی تەنها بۆ سلێمانی نیە، بەڵكو بۆ هەموو هەرێمە”.

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای تەواوبوونی مەراسیمی یادی ڕۆژی شەهیدانی نیشتمان لە هەولێر بە ڕۆژنامەنوسانی ڕایگەیاند، لامەركەزیەت هی سلێمانی نیە بەتەنها بۆ هەموو هەرێمە و لەكارنامەی كابینەی نۆیەمدا هاتووە، بەڵام شێوەی لامەركەزیەت قسەی لەسەر دەكرێت ئەوەش لە لایەن لیژنەیەكی یاسایی لەهەموو لایەنەكان كاری لەسەر دەكەن، كە ئایا لامەركەزیەتی ئیداری یان دارایی یان ئایا فیدڕاڵیەتێك لەناو فیدڕاڵەیەتێكی دیكەدا هەیە، بۆیە هێشتا شتی زۆری ماوە.

وتیشی، “پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و عیراق، ئەوەیە بگەنە ڕێككەوتن باشترە و هیچ بەهانەیەك نیە بۆ ڕێكنەكەوتن، مەگەر ئەوەی برادەرانی بەغدا بەچاوێكی زڵ تەماشای خۆیان بكەن، كە وا نین یان بەچاوێكی كەم سەیری كورد و كوردستان بكەن، كە كەم نین”.

ڕاشیگەیاند، ئەو عیراقەی ئێستا وای بەسەر هاتوو هۆكارەكەی ئەوەیە هاوپەیمانی لەنێوان پێكهاتەكانی نەماوە، موبادەرەكەی عەممار حەكیم بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەكەی زۆرینەی كورد و سوننە و شیعەكانە بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردن عیراق تووشی كێشە نەبێت، ئێمە پێمان باشە، بەڵام هێشتا ماوە دراسەی بكەین.

ئاشكراشیكرد، پەیوەندیەكانی نێوان حزبەكەی و یەكێتی بەو شێوەیەش نیە، كە ناحەزانی باسی دەكەن، واتە نە ئەوەندە باشە بە دڵی ئێمە بێت و نە ئەوەندەش خراپە بە دڵی ناحەزانی ئێمە بێت.