سەردێر

مەسرور بارزانی ؛ هەرێم هەمیشە لەگەڵ چارەسەری بنەڕەتی كێشەكانە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی

خەڵك-

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هەرێم هەمیشە لەگەڵ چارەسەری بنەڕەتی كێشەكانە لە سەر بنەمای دابینكردنی ماف و شایستە دەستوورییەكانی و پاراستنی تایبەتمەندی قەوارەی فیدراڵی هەرێم و لەبەرچاوگرتنی پرنسیپەكانی هاوسەنگی و شەراكەت و سازان.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ یەكشەممە 2021/2/21 پێشوازی لە عەممار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتیی حیكمەی نیشتمانی و هاوپەیمانی عیراقیون كرد و لە دیدارێكدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی عێراق و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی كرا.

لەو دیدارەدا سەرۆكی ڕەوتیی حیكمەی نیشتمانی و هاوپەیمانی عیراقیون، ڕایگەیاندووە، هەرێمی كوردستان، بە دۆست و هاوپەیمانیی خۆیان دەزانن و پێویستە دەستوور، بكرێتە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵی.

باسی لەوەشكردووە، كە ئەوان هاتوون پشتگیریی ئەو ڕێككەوتنە بكەن، كە لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی هاتووەتە ئارا لە سەر بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 و هیوادارین لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی لە سەر بدرێت .

هاوكات مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە، كە هەرێمی كوردستان، هەمیشە لەگەڵ چارەسەری بنەڕەتی كێشەكانە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دابینكردنی ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێم و پاراستنی تایبەتمەندی قەوارەی فیدراڵی هەرێمی كوردستان و لەبەرچاوگرتنی پرنسیپەكانی هاوسەنگی و شەراكەت و سازان .