سەردێر

دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران داخرا

لەسەر داوای كۆماری ئیسلامی ئێران دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بۆ ماوەی دوو هەفتە دادەخرێت.

ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ڕایدەگەیەنێت، ئێران ئاگاداری كردوونەتەوە كە لە سبەینێ‌ (ڕۆژی یەكشەممە)وە دەروازەكە تا دوو هەفتەی تر دادەخرێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، بە تەنیا هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كە لە ئێرانن دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ هەرێم و هاووڵاتیانی ئێرانی كە لە هەرێمی كوردستانن دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان لە ئێران.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكەی دەروازەی حاجی ئۆمەران

ئاگاداری گشت هاوڵاتیان و گەشتیارانی خۆشەویست دەكەینەوە كە ئێران بە ڕێگای پەیوەندییەكانەوە، ئاگاداری ئێمەیان كردووە كە حكومەتی ئێران بڕیاری داوە سبەی ڕۆژی یەك شەممە ڕێكەوتی (21/2/2021) كاتژمێر (2)ی پاش نیوەڕۆ دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە ڕووی گەشتیارییەوە بۆ ماوەی (2) دوو هەفتە دادەخەن.

بە تەنیا هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان كە لە ئێرانن دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیانی ئێرانی كە لە هەرێمی كوردستانن دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ووڵاتی خۆیان لە ئێران.

ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی
كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران