سەردێر

كاروانێكی نوێی هاوكاریی سەربازیی ئەمریكا گەیشتە ڕۆژئاوای كوردستان

ئەمریكا كاروانێكی سەربازی كە لە 60 بارهەڵگر پێكهاتوون و زرێپۆش و چەك و كەلوپەلی سەربازیی هەڵگرتووە گەیاندە ناو خاكی ڕۆژئاوای كوردستان.


بەپێی سەرچاوەكانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ڕۆژی پێنجشەممە كاروانێكی نوێی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش كە لە 60 بارهەڵگر پێكهاتوون و زرێپۆش و چەك و كەلوپەلی سەربازیی و لۆجستیان هەڵگرتووە لەدەروازەی سنووریی سێمالكاوە هاتوونەتە ناو خاكی ڕۆژئاوای كوردستان و بەرەو شاری قامیشلۆ بەڕێكەوتوون.

ڕوانگە سورییەكە ئاماژەی بەوەكردووە، بارهەڵگرەكان دەیان زرێپۆشی ئەمریكیان هەڵگرتووە كە یەكەمجارە لەوەتی ئیدارەی نوێی ئەمەریكا دەستبەكاربووە ئەو جۆرە زرێپۆشانە ڕەوانەی سوریا دەكرێن، بەتایبەت دوای دووپاتكردنەوەی پشتیوانی ئەمەریكا لە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و هاوكاریكردنی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بەسەرۆكایەتیی ئەمریكا لەڕێی 12 كاروانەوە هاوكاری سەربازیی و لۆجستیان ڕەوانەی ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان كردووە، بەتایبەت كە ئەمریكییەكان ئێستا سەرقاڵی بنیادنانی بنكەیەكی سەربازیی گەورەن لە نزیك پارێزگای حەسەكە كە نزیكە بە سێگۆشەی سنووری عیراق-سوریا-توركیا.

خەڵك – بەشی هەواڵ