خەڵك-
سەرۆكی شاندی دانوستانی هەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر بودجەی 2021 ڕایدەگەیەنێت ، تا گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر پشكی هەرێم و شایستە داراییەكان كۆبوونەوەكانمان لە بەغدا بەردەوام دەبن و لە بارەی كەیسی گیراوەكانی دهۆكیش دەڵێت ،”ئەو بابەتە پرسێكی یاساییە، كە دەبێتە مایەی لەكەداركردنی ناو و ناوبانگی هەرێمی كوردستان”.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ میدیایەكی حزبەكەی ڕایگەیاندووە، كۆبوونەوەكانیان لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی حكومی و حزبی و پەڕلەمانی بەردەوام دەبن تا دەگەنە ڕێككەوتن لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
ڕاشیگەیاندووە، بۆ هەموو لایەنەكانیانی عیراقیان ڕوونكردۆتەوە ، كە هەرێم پابەند دەبێت بە یاسا و دەستور و ئەوەی ئەركی حكومەتی هەرێمە جێبەجێی دەكەن، لە بەرامبەر ئەو پابەندییە دەبێت تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێمی و مافەكانی مووچەخۆران دابینبكرێت.
قوباد تاڵەبانی لە بارەی كەیسی گیراوەكانی دهۆك ئاشكراشیكردووە، كە ئەو بابەتە پرسێكی یاساییە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی گومانی لای هاووڵاتیان درووستكردووە و ئەوەش دەبێتە مایەی لەكەداركردنی ناو و ناوبانگی هەرێمی كوردستان.
جێگری سەرۆكی حكومەت داواشی كردووە، كە داواكاری گشتی هەرێم ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و لە دادگای پێداچوونەوەشدا بڕیاری دروست بدرێت، كە تێیدا سەروەری یاسا و ئازادی و دیموكراسی پارێزراو بێت.