خەڵك-
هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایدەگەیەنێت، لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە ناوچەكانی دێرزوور، دەیان تیرۆرستی داعشیان دەستگیر كردوە و دەستیشیان بەسەر چەندین پارچە چەكدا گرتوە، دەشڵێـت،” لەنێو دەستگیكراواندا بكوژی ژنە شۆڕشگێرەكانیشیان تێدایە”.
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕاگەیەنراوێكی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكەوە بڵاوكردوەتەوە و ڕایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەكە كە لە ٤ تا ١٤ی شوبات ئەنجامداوە، لە تۆڵەی كوشتنی دوو ژنە شۆڕشگێڕ سەعیدە فەیسال، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی گەلی شارۆچكەی تل شەعیر و جێگرەكەی هندێ لەتیف و بۆ ڕێگریكردن لە ڕێكخستنی داعش و بەهێزبوونیان بووە لە ناوچەكە.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا لە ناوچەكانی دێرزوور، كە بە بەشداریی هێزەكانی هەسەدە، یەپەگە، یەپەژە و ئاسایشی ناوخۆ بەڕێوەچوو، توانیویانە ٨٧ تیرۆرستی داعش دەستگیر بكەن، كە بكوژی ژنە شۆڕشگێرەكانیشیان تێدایە.
لە ڕاگەیەنراوەكەداهاتووە، هەر لەو ئۆپەراسیۆنەدا، دەست بەسەر چەند جبەخانەیەكی تیرۆرستاندا گیراوە كە دەیان جۆر و چەك و تەقەمەنییان تێدا بووە.