سەردێر

ماوەی 9 ساڵە پردێك ڕووخاوە و چاك نەكراوەتەوە

ماوەی چەندین ساڵە لە گوندی دوورەمڵكی سەر بە شارەدێی سیدەكان بەهۆی نەبوونی پردی پیادە و ئۆتۆمبێلەوە كێشە و گرفت بۆ دانیشتووانی گوندەكە دروست كردووە.


یادگار عومەر برادۆستی دانیشتووی گوندی (دوورە مڵك) ی سەربە شارەدێی سیدەكان بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند” ماوەی چەندین ساڵە كێشە و گرفتی هاتووچۆمان هەیە لەگوندەكەمان، بەهۆی نەبوونی پردێك بۆ پەڕینەوەی ئۆتۆمبێلەوە بەتایبەتی لەكاتی دابارینی بەفر و باراندا، ئەو پردەی كە ئێستا تەنها پێزەكانی ماون ساڵی 1976 لەلایەن حكومەتی عیراق دروست كراوە و لەو شوێنە زیاتر بۆ مەبەستی سەربازی دروست كرا بوو، چونكە گوندی دوورە مڵك لەبەرئەوەی لەسەردەمی ڕژێمی بەعس پەناگەیەكی گرنگی حەسانەوەی پێشمەرگە بوو لەبەرئەوەی سنووری جوگرافی دەكەوێتە نێوان دەڤەری (بارزان و برادۆست) و بەشێك لەگوندەكانی دەڤەری برادۆست دەبەستێتەوە بە سنووری سیدەكان.

وتیشی:”سێ ساڵ پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی سۆران و هەولێرمان ئاگاداركردەوە كە ئەم پردە مەترسی لەسەرە بەهۆی لاوازی پێزییەكانی ئەوە بوو لەساڵی 2009 تیمێك لە ڕێگاوبان هاتن و پێزییەكانیان كەمێك دەستكاری كرد، بەڵام دوای ئەوە بەهۆی زۆری دابارینی باران و لافاوەوە پردەكە ڕووخا”.

یادگار عومەر ئەوەشی خستەڕوو:”چەندین جار داوامان لەلایەنی پەیوەندیدار و حكومەت كرد بۆئەوەی پردەكەمان بۆ چاك بكەنەوە كەچی داواكارییەكانی ئێمەیان جێبەجێ نەكرد و دوای ئەمەش ئێمە وەك دانیشتووانی گوندەكەمان لەسەر ئەركی خۆمان هەستاین بەدروستكردنی پردێكی پیادە بۆ ڕاپەڕاندنی كارە گرنگەكانی ڕۆژانەمان كە خوێندكاران و خەڵك پێیدا هاتووچۆ بكەن”.

لای خۆشيیەوە، د.زێدان برادۆستی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە هەولێر بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند:”ئێمە لەنزیكەوە ئاگاداری كێشە و گرفتەكانی ناوچەكەین و لەماوەی ڕابردووشدا لەلایەن ئیدارەكەوە داواكاری بۆ كراوە، منیش داواكارییەكەم ئاڕاستەی پەرلەمان و وەزارەتی نیشتەجێ بوون كرد و ڕەزامەندی لەسەر دراوە”.

وتیشی:”پێویستە پەلە بكرێت بۆ چاككردنەوەی پردەكە و پێدەچێت كێشەكە لەڕووی میكانیزم و دابین نەكردنی تێچووی پارەكە بێت لەلایەن وەزارەتەوە كە هەرچەندە شوێنەكەش كەشفی بۆكراوە، هەربۆیەش لەڕێگای ( تۆڕی میدیایی خەڵك)ەوە خەڵكی گوندەكە و دەڤەری برادۆست دڵنیادەكەمەوە لە هەفتەی داهاتوودا بۆ ئەم كێشەیە و چەندین كێشەی تری ناوچەكە سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەولێر دەكەم بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی دەڤەرەكە”.

جێی ئاماژەیە، گوندی( دوورەمڵك) نزیكەی 20ماڵ دەبێت و لەڕووی ئیدارەییەوە سەر بە شارەدێی سیدەكانی شارۆچكەی سۆرانە لە پارێزگای هەولێر، شوێنێكی گونجاویشە بۆ شوێنە گەشتوگوزارییەكان بە تایبەتی لەوەرزی بەهار و هاویندا، ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار پەرەی پێبدات.

خەڵك – نزار مستەفا