سەردێر

یەكێتی: پێداچوونەوە بەو حوكمە قورسانەدا بكرێت

لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا ھەڵوێستی ڕاشكاوانەی لەسەر دوا پێشھاتەكانی كوردستان دەربڕی.


مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند: كۆبوونەوەی ئەمڕۆ 16-2-2021، بەسەرپەرشتی ھاوسەرۆكان تاووتوێی دۆخی سیاسیی و بەتایبەتیش پێشھاتەكانی ھەولێری پایتەختی كوردستانی كرد ، بەم شێوەیە:

یەكەم: ئیدانەی ھێرشە مووشەكییەكانی بۆ سەر ھەولێری پایتەخت كرد كە ھەڕەشەیەكی مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی ھاووڵاتیان و ئەمنیەتیان. داوای كرد دەزگا پەیوەندیدارەكان بە زوویی لێكۆڵینەوە لە ھێرشەكە بكەن و بكەرانی ڕووبەڕووی دادگایەكی عادیلانە بكەنەوە.

دووەم: كۆبوونەوە تاووتوێی دادگاییكردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاكانی مەدەنی كرد كە ئەمڕۆ لە دادگای ھەولێر حوكمی شەش ساڵیان بەسەردا درا، مەكتەبی سیاسیی لە سۆنگەی باوەڕبوونی بە ئازادی سیاسیی و ڕۆژنامەنوسی و مافی چالاكی مەدەنی وەك پرەنسیبە نەگۆڕەكانی یەكێتی داوای كرد لە دادگایەكی كراوە بۆ ڕای گشتی پێداچوونەوە بەو حوكمە قورسانەدا بكرێت و كەیسەكان بە گوێرەی یاسای ئازادی كاری ڕۆژنامەنووسی لە كوردستان مامەڵە بكرێن، چونكە ناكرێت و نەشیاوە ڕۆژنامەنووسان لەسەر بیروڕا دەربڕین و نووسین وەك تۆمەتبار حوكمی وا قورسیان بەسەردا بدرێت كە تەواو پێچەوانەی ویستی فراوانكردنی فەزای سیاسیی و ئازادی ڕۆژنامەنووسییە لە وڵاتەكەماندا.

خەڵك – بەشی هەواڵ