خەڵك-
گروپی (سرایا اولیاء الدم) كە ئەنجامدانی هێرشە مووشەكییەكەی دوێنێ شەوی بۆ سەر هەولێر گرتە ئەستۆ بەیاننامەیەكی دیكەی بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیەنێت، فڕۆكەخانەی هەولێر پارێزراو دەبێت و دەشڵێت: “مووشەكەمانمان لە كوردستان و بەتایبەت لە هەولێر حەشارداوە”.
گروپی (سرایا اولیاء الدم) لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “بەو سیاسییە كوردانە دەڵێن، كە ڕێگەی هەڵەیان گرتۆتەبەر ئەگەر ڕاست نەبنەوە ئەوە ئەو مووشەكانەتان ئاڕاستە دەكەین، كە لە خاكی هەرێم و بەتایبەت لە هەولێر حەشارمانداون”.
ڕاشیگەیاندووە، “سەرجەم هاووڵاتیانی و هێزە سەربازییەكان لە گەلی كورد برا و خۆشەویستمانن، ئێمە جگە لە بنكە سەربازییەكانی داگیركەری ئەمریكا و توركیا و ئیسرائیلی هیچ شتێكی تر ناكەینە ئامانج”.
گروپەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئێمە بە كوچە و كۆڵانەكانی هەولێری خۆشەویستدا دەگەڕێین و لە خانوو و هۆتێلەكانیدا نیشتەجێین و بیر لە ئازاردانی كەس ناكەینەوە، لێرەوە خەڵكەكەمان و براكانمان لە هێزە ئەمنیەكان ئاگادار دەكەینەوە كە لە بنكە و بارەگاكانی داگیركاری ئەمریكا و توركیا و ئیسرائیل دوور بكەونەوە”.
جەختیشی كردۆتەوە، كە “فڕۆكەخانەی هەولێر هیچ زیانێكی پێ ناگەیەنرێت و بەردەوام پارێزراو دەبێت هەرچەندە ئەوە بۆ ئێمە زۆر ئاسانە”.