سەردێر

پارتی ئەنجامدەرانی هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر ئاشكرادەكات

خەڵك-
وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات، گروپێكی سەرلێشێواوی لە یاسا دەرچوو، لەپەنای حەشدی شەعبی و بە ئیمكانات و ئیمتیازات و بەرگی ئەوانەوە چەند مووشەكێكیان ئاڕاستەی ناوشاری هەولێر كرد.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، داوا لە حكومەتی فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەروشیانەوە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا دەكەین، سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەم كردەوە دوژمنكارانە بەپەلە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بكەن و لایەنی بەرپرسیار بەگوێرەی یاسا بەسزای پێویست بگەیەندرێت.

ڕاشیگەیاندووە، عەقلیەتی ئەم جۆرە تاقمە فاشیست و دوور لە هزری سەردەمیانە، چاویان بە پێشكەوتن و ئارامی و خۆش ژیانی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان هەڵنایە.

راگەیاندراوێك لە گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

گروپێكی سەرلێشێواوی لە یاسا دەرچوو، لەپەنای حەشدی شەعبی و بە ئیمكانات و ئیمتیازات و بەرگی ئەوانەوە، كاتژمێر ٩:٣٠ خولەكی شەوی رابردوو، رێكەوتی ١٥ لەسەر ١٦ـی شوباتی ٢٠٢١، بەمەبەستی تێكدانی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی پایتەختی هەرێمی كوردستان، ترسنۆكانە چەند موشەكێكیان ئاراستەی ناوشاری هەولێر كرد، كە بووە هۆی زیانی مرۆیی و ماددی و، نیگەرانكردنی دانیشتوانی سڤیلی هەولێری هۆلاكۆ بەزێن.

ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، وێرای ئیدانەكردنی ئەو كردەوە تیرۆرستیە قێزەونە، داوا لە حكومەتی فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەروشیانەوە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا دەكەین، سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەم كردەوە دوژمنكارانە بەپەلە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بكەن و لایەنی بەرپرسیار بەگوێرەی یاسا بەسزای پێویست بگەیەندرێت. بەداخەوە ئەم كردەوانە بۆ چەندەمین جارە دووبارە دەبنەوە و لە ئاكامی بەسزا نەگەیاندنیان، تاقمە تێكدەرەكان جورئەتی ئەوە پەیدا دەكەن لەسەر كارە تیرۆریستیەكانیان بەردەوام بن.

شاراوەنیە و بەڕوونی دەزانین كە عەقلیەتی ئەم جۆرە تاقمە فاشیست و دوور لە هزری سەردەمیانە، چاویان بە پێشكەوتن و ئارامی و خۆش ژیانی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان هەڵنایە و، پێیان قبوڵ ناكرێ‌ پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە كوردستان هەبێت و بەدەست لەپشت دراوی وەكو ئەڵقە لە گوێ‌ ئەوەی پێیان دەگوترێ‌ جێبەجێی دەكەن!..

هەموولایەك ئاگاداردەكەینەوە كە بەردەوامیدان بەم شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، ئاكامی باشی نابێت و عێراق چەندە ناسەقامگیر و لە هەموو بوارەكاندا توشی ئاڵۆزی و تەنگەژە بووە، ئەم كردەوە تیرۆریستیانە زیاتر لە ناسەقامگیری و نائارامی دا نوقمی دەكەن.

سەرەڕای پشتیوانی تەواومان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و تەواوی دام و دەزگا بەرگری و ئەمنییەكان، رایدەگەیەنین كە تەواوی سەركردایەتی و كادیر و ئەندامانمان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پایتەختی هەرێم وەك چۆن لە رابردوو شورەی پۆڵاین بووین لەمەودواش لەسەر هەمان رێباز و باوەڕ پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێمی كوردستان و حكومەت و دانیشتوانەكەی دەكەین.

مەحمود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
١٦ـی شوباتی ٢٠٢١