سەردێر

بارزانی: ئەو هۆكارانەی بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی تیرۆر وەك خۆی ماونەتەوە

خەڵك-
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەڕێگەی دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكرێن و دەشڵێت: “تێكشكاندنی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنە و فرە ڕەهەندی پێویستە”.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی (بارەگای بارزانی)، ئەمڕۆ سێ شەممە ١٦ـی شوباتی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیگ پاوڵۆ پیراس، باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق كرد.

باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق نیگەرانی خۆی بە هێرشە مووشەكییەكەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر شاری هەولێر نیشان دا و پێزانینیشی هەبوو بۆ ئەو سەقامگیری و ئارامی و پێشكەوتنەی، كە لە ساڵانی ڕابردوو و ئێستا لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە.

باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق ئەوەشی خستەڕوو، كە وڵاتەكەی هاوبەشی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆر و بەشدار بووە لە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی عێراقی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و وتیشی، “پێویستە كێشەكانی نێوان هرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ لە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بكرێت”.

سەبارەت بە هەڕەشەی تیرۆر بارزانی ڕایگەیاند، كە تێكشكاندنی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنە و فرە ڕەهەندی پێویستە. ڕاستە ئێستا داعش لەڕووی سەربازییەوە شكاوە، بەڵام ئەو هۆكارانەی كە بوونەتە هۆی سەرهەڵدان و بەهێزبوونی تیرۆر وەك خۆی ماونەتەوە.

بارزانی لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ ئەوەی دووپاتكردەوە، كە پێویستە ئەو كێشانە لەڕێگەی دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكرێن. جێبەجێكردنی دەستوور عێراق سەقامگیریی لێ دەكەوێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی پێكهاتەكانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ یەكتردا بژیین.