سەردێر

بافڵ تاڵەبانی بۆ بازرگانانی سلێمانی چەند بڕیارێك ڕادەگەیەنێت

خەڵك-
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ بازرگانان و بەڵێندەرانی سلێمانی و هەڵەبجە كۆدەبێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، بڕیارمانداوە ھەموو ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی لەمپەرن لەبەردەم ئەم رەوتەدا لاببرێن و دەشڵێت: “چەند ڕێوشوێنێكیان گرتۆتەبەر و لە داھاتوویەكی نزیكدا كاریگەری دەبێت لە پێشخستنی ئەم ناوچەیە”.

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیكرد لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ھەڵەبجە و ژمارەیەك لە بازرگانانی سلێمانی و یەكێتی بەڵێندەران-لقی سلێمانی.

سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە ڕاپۆرتێكدا ھەڵوەستەی كرد لەسەر ئاستەنگەكانی بەردەم جموجوڵی بازرگانی و جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و چەند داواكارییەكی خستەڕوو لەپێناو بووژاندنەوەی ڕەوتی بازرگانی و بەڵێندەرایەتی لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی هاوسەرۆكایەتی یەكێتی، “بازرگانان و بەڵێندەران داوایان لە ھاوسەرۆك كرد ڕۆڵی هەبێت لە بەگەڕخستنەوەی شارە پیشەسازییەكان و جێبەجێكردنی یاساكانی ژمارە ١١ و ٢٠ی تایبەت بە پاراستنی بەرھەمە ناوخۆییەكان و پێشخستنی كەرتی پیشەسازی و بازرگانی لە پەڕلەمانی كوردستان و لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم پێشكەوتنی كەرتی كشتوكاڵ، پیشەسازی و كاری بەڵێندەرایەتی”.

لای خۆشیەوە، بافڵ تاڵەبانی وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ ئەو سەرمایەدار و خاوەنكارە نیشتمانییانەی لەم دۆخەدا ھاوكار و ھەماھەنگبوون بۆ پێشخستنی ئابووری ھەرێم، جەختیشی لە ڕەخساندنی زەمینەی لەبارتر بۆ بازرگانان و خاوەنكاران كردەوە و ھەموو پشتگیرییەكی یەكێتیشی دووپاتكردەوە بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەی زیاتر لەپێناو ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی زیاتری ژێرخانی ئابووری ھەرێم بەتایبەت پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە.

روونیشیكردەوە، ھەموو ھەوڵێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەپێناو ئاوەدانكردنەوەی زیاتری ھەرێمی كوردستانە بە تایبەت سلێمانی، ھەڵەبجە، ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان.

وتیشی، “بڕیارمانداوە ھەموو ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی لەمپەرن لەبەردەم ئەم رەوتەدا لاببرێن و ھاوكار و پشتیوانبین بۆ ڕەخساندنی جموجوڵی زیاتری بازرگانی و كاری بەڵێندەرایەتی و دۆزینەوەی دەرفەتی زیاتری ھەلی كار بۆ گەنجان”.

ڕاشیگەیاند، چەند ڕێوشوێنێكیان گرتووەتەبەر و لە داھاتوویەكی نزیكدا كاریگەری دەبێت لە پێشخستنی ئەم ناوچەیە لە ھەموو ڕووەكانەوە.