سەردێر

“کارەبا دەدەینە کەرتی تایبەت”

 

سلێمانی – نزار جەزا

وەزیری کارەبای هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە لەدوو مانگی ئایندەدا کارەبا بدرێتە کەرتی تایبەت، ئەمەش لەسوودی هاوڵاتییانە.

کەمال محەمەد وەزیری کارەبای هەرێم لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەسلێمانی ڕایگەیاند، شاندێکی وەزارەتی کارەبای هەرێم سەردانی پارێزگای سلێمانییان کرد، بۆئەوەی لەنزیکەوە ئاگاداری کێشەکانبن و بتوانن چارەسەریانبکەن.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، بەهۆی ئەو چاکسازی و بەرەوپێشچوونانەى لەکەرتی کارەبادا کراوە، دۆخی کارەبا باشتربووە.

 

ئەوەشی ڕوونکردەوە، بەنمونە لەمانگەکانی یەک و دوودا کە زۆرترین خواست لەسەر کارەبا هەیە، لە ساڵی ٢٠١٩دا ١٠ کاتژمێر و ٢٠ خولەک کارەبا هەبووە، لەساڵی ٢٠٢٠دا ١١ کاتژمێر و ٥ خولەک کارەبا هەبووە، لەساڵی ٢٠٢١دا ١٦ کاتژمێر کارەبا هەبووە.

 

باسی لەئەوەشکرد، هەرکاتێک بانکی مەرکەزی نرخی دۆلاری دابەزاندەوە، ئەوکاتە نرخی یەکەکانی کارەباش دادەبەزێنرێتەوە.

 

ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕێدەکەن، لەمانگی چواردا کارەبا بدرێتە کەرتی تایبەت، بەڵام دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتییان ئەگەر لەسوودی ئەواندا نەبێت کەرتی کارەبا نادەنە کەرتی تایبەت.