سەردێر

وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە

خەڵك-

وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، هەمان شێواز و تەكنیك كە لە هێرشی پێشووی سەر فرۆكەخانەی هەولێر بەكار هاتبوو ، لە هێرشی دوێنی شەویش دووبارە بووەتەوە و بكەرانی ئاشكرا و ڕیسوا دەكرێن و بە سزای خۆیان دەگەیەنرێن.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە بارەی ڕووداوەكەی شەوی ڕابردووی پارێزگای هەولێر ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوەو دەڵێت، ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەمان شێواز و تەكنیك كە لە هێرشی پێشووی سەر فرۆكەخانەی هەولێر بەكار هاتبوو ، لە هێرشی دوێنی شەویش دووبارە بووەتەوە.

لەراگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆدا ئەوەش هاتووە، “لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ ئاشكراكردنی ئەو كەس ولایەنانەی لە پشت هێرشەكەوەن و خەڵكی شاری هەولێر و هەرێمی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە ، كە هەموو ئەوانەی دەستیان لەم هێرشەدا هەیە و ئەنجامدەری ئەم تاوانەن ، ئاشكرا و ڕیسوا دەكرێن و بە سزای خۆیان دەگەیەنرێن”.

دەقی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆ:
دوای ئەوەی كاتژمێر 9:30 ی دوێنێ شەو 2021/2/15 ، چەند مووشەكێك بەر فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر كەوتن ، لە ئەنجامدا لە ناو فڕۆكەخانە بووە هۆی گیانی لە دەستدانی كەسێك و برینداربوونی پێنج كەسی دیكە. لە ناو شاری هەولێریش سێ كەسی تر برینداربوون.ئەمە جیا لەوەی زیانی ماددیشی بە چەندین ماڵ و شوێنی بازرگانی گەیاندووە.
دوای ئەوەی دەستبەجێ دەزگاكانی دژە تیرۆر و ئاسایش و پۆلیس دەستیان بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون كرد بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان، شوێنی ئەو ئوتومبێلەیان دۆزیەوە كە مووشەكەكانی لێ هاوێژراوە ، ئوتومبێلەكە جۆری (كیا)یە و لە ڕێگەی نێوان هەولێر و گوێڕ دۆزرایەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەمان شێواز و تەكنیك كە لە هێرشی پێشووی سەر فرۆكەخانەی هەولێر بەكار هاتبوو ، لە هێرشی دوێنی شەویش دووبارە بووەتەوە . لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ ئاشكراكردنی ئەو كەس ولایەنانەی لە پشت هێرشەكەوەن و خەڵكی شاری هەولێر و هەرێمی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە ، كە هەموو ئەوانەی دەستیان لەم هێرشەدا هەیە و ئەنجامدەری ئەم تاوانەن ، ئاشكرا و ڕیسوا دەكرێن و بە سزای خۆیان دەگەیەنرێن.

وەزارەتی ناوخۆی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
2021/2/16