سەردێر

وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی باڵای هاوپەیمانان كۆبوونەوە

خەڵك-

وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی باڵای سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێم، گفتوگۆی چڕ لەبارەی دوایین هەنگاوەكانی چاكسازی و پڕۆسەی خۆرێكخستنەوەی هێزەكان دەكەن، هاوكات تاوتوێی دۆخی ئێستای پێشمەرگە لە پڕۆسەی مەشق و ڕاهێنانەكان كرا، كە لەو ڕێگەیەوە هێزەكانی پێشمەرگە دەچێتە قۆناغێكی سەردەمی پێشكەوتوتر و پڕۆسەی رێفۆرمی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە خێراتر دەبێت.

شۆڕش ئیسماعیل ، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 15ی شوباتی 2021 لەگەڵ ڕاوێژكارانی باڵای سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێم كۆبۆوە و لە كۆبوونەوەكەدا، كە سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و ئەمینداری گشتیی و سەرۆكی ئەركان، ئەفسەرانی پلە باڵای وەزارەت ئامادەیبوون بە گرنگیەوە باسی لە هەماهەنگی و هاوكارییەكانی هاوپەیمانانی كرد، كە پێكهاتووە لە میكانیزمەكانی پڕۆژە پێشنیاركراوەكانی چاكسازی و یاسای چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.

وەزیری پێشمەرگە ستایشی هێزەكانی هاوپەیمانانی كرد بۆ وەزارەتەكەی و پاڵپشتی بەردەوامی هاوپەیمانان بۆ پڕۆسەی چاكسازی و رێكخستنەوەی هێزەكان، كە بۆتە هۆكاری پێشكەوتن و گەشەسەندنی زیاتر پیشمەرگەو و بەرزكردنەوەی توانستی سەربازیان لەتەواوی سێكتەرەكانەوە.

هاوكات كۆلۆنێل جولیات، ڕاوێژكاری باڵای سەربازی ئەمریكا و هاوپەیمانان ڕایگەیاند، كە پاڵپشتیەكانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامی دەبێت و لەم ڕێگەیەوە پڕۆژەی باشتری سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە جێبەجێ دەكەین و هەوڵەكانیشمان لەپێناو بەدیهێنانی ئامانج و ناوەڕۆكی رێفۆرمی چاكسازییە‌ بەهەماهەنگی هەردوولا.

بەباسكردنی پرۆژەی ئۆپراسیۆنی سەربازی لەلایەن ڕاویژكاری باڵای بەریتانیا و بەهەماهەنگی نوێنەرانی سەربازی وڵاتانی هاوپەیمانان و گفتوگۆكردن لەسەر قۆناغەكانی جێبەجێكردن و سەرنجەكان لەسەر ئەو پرۆژەیە بۆ ئایندەی هێزی پێشمەرگە، كۆتایی بەكۆبونەوەكە هات.