خەڵك-
سەرۆكی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت ، كاتی داخستنی سنورەكانی ئاسمانی و زەمینییە لەگەل گشت وڵاتان وعیراق تەنها بۆ یەك مانگ ، ئەوكات پێویست بەكەرەنتینەی شارەكانی هەرێم نابێت و ژیان ئاسایی دەبێت و هاووڵاتیانمان پارێزراو دەبن.
شەماڵ جەبار یاوەر سەرۆكی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پێش ئەوەی ئەركی هاووڵاتیان بێت لە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ ، ئەركی حكومەتە بەوەی كار لەسەر ئەوە بكات هەر هیچ نەبێت بۆ ماوەی مانگێك سنورەكانی ئاسمانی و زەمینی لەگەل گشت وڵاتان و عیراق بۆ یەك مانگ دابخات.
وتیشی ،”لە ئێستادا باشترین كاتە بۆ ئەو دەست پێشخەریە لەلایەن حكومەتەوە بكرێت، كە ئەمڕۆ عیراق بە فەرمی ئەوەی بەیانكرد، كە ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا تۆماركراوە، لە توركیا و ئێرانیش قوربانی بەو ڤایرۆسە هەبووە و هەیە”.
ڕاشیگەیاند، لەبەر ئەوەی ئێمە تا ئێستا كیتمان نیە بۆ دیاریكردنی كۆرۆنای نوێ، هەرچۆنێك بێت هێشتا حاڵەتەكان دەگمەنن، ڕەنگە لە هەرێمیش حاڵەت هەبێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی كیتەوە دیارینەكراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، داخستنی سنورەكان بۆ ماوەی مانگێك زیانی نیە بۆ هاووڵاتیان چونكە كەرەنتینەی شارەكان ناكرێت و تەنها ڕێگە بە هاتووچۆ بۆ وڵاتان نادرێت، ئەمەش زۆر نابێتە كێشە بۆ هاووڵاتیان، بەڵام ئەگەر ئەوە نەكرێت ئەوا لەداهاتوودا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە خێراتر دەبێت لە هەرێم.
ئاشكراشیكرد، بە پێی ئەو ئەزموونەی هاووڵاتیان و پزیشكان لەسەر كۆرۆنا هەیانە، ئەگەر توشبوون بە كۆرۆنای نوێ بەهێواشی بڵاوبێتەوە دەتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت، بەڵام پێویستە هاووڵاتیان خۆپارێزی تەواو بكەن.
داواشی لە هاووڵاتیان كرد ، بەهەمان شێوەی پێشوو خۆپارێزی بكەن لە بەستنی دەمامك و دووری 2 مەتر لە یەكتری و لە شوێنە قەرەباڵغەكاندا پێویستە دوو دەمامك ببەسترێت .