سەردێر

توركیا چیای گارە بۆردومان دەكاتەوە

خەڵك-
فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دەستیانكردەوە بە بە بۆردوومانكردنی دوو شوێنی چیای گارە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە زۆرێك لە لایەنە سیاسییەكانی عیراق ئەو بۆردومانانە بە دەستدرێژی بۆسەر خاكی عیراق دادەنێن و ئیدانەی دەكەن.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دەستییان كرد بە بۆردوومانی ناوچەكانی دەریی زەندك لەنزیك گوندی ئێكمالی و مێرسیدا لە چیای بێخێر لەنزیك چیای گارە.

بە گوێرەی هەواڵ، بۆردومانكردنی چیای گارە و دەوروبەری لەكاتێكدایە، توركیا ڕۆژی یەك شەممە كۆتایهاتنی ئۆپەراسیۆنی “چڕنوكی هەڵۆ-2” ی ڕاگەیاند، بەپێی میدیاكانی پارتی كرێكارانی كوردستانیش، توركیا لەو ئۆپەراسیۆنەدا شكستیهێناوە و ناچار بووە پاشەكشە بكات.

بۆردومانەكانی توركیا لەلایەن زۆرێك لە لایەنە عیراقییەكانەوە بە دەسترێژی و پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عیراق دادەنرێت و بە توندی ئیدانە دەكرێت، بگرە بزوتنەوەی ئەهلی هەق كە لەلایەن قەیس خەزعەلییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، داوای لە هاووڵاتیانی عیراق كرد، خۆیان بۆ شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی توركیا ئامادە بكەن.