سەردێر

ئەمریكا داوای راگرتنی ئۆپەراسیۆنی گارەی كردووە

ئەنقەرە ترسی لە فراوانبوونی بازنەی ململانێكانیان لەگەڵ ئەمریكا هەبووە

خەڵك-

ئەمریكا داوای لە توركیا كردووە ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ 2 بۆ سەر گارە لە ئامێدی سنوری پارێزگای دهۆك لە باشوری كوردستان رابگرێت.

كەناڵی سكای نیوز بڵاویكردەوە، واشنتن هاتووەتە سەر هێڵ داوای لە ئەنقەرە كردووە رەچاوی سەروەری عێراق بكات.

بەپێی زانیارییەكان، ئەنقەرە ترسی لە فراوانبوونی بازنەی ململانێكانیان لەگەڵ ئەمریكا هەبووە، لەگەڵ بوونی چەندین كێشەی دیكە لەنێوانیاندا.

بەیانی دوێنێ دوای 4 رۆژ وەزارەتی بەرگری توركیا كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی گارەی راگەیاند.

وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاند لەو ئۆپەراسیۆنەدا زیاتر لە 50 بنكەی پەكەكە وێران كراون، 48 گەریلا كوژران و 2ی دیكەش دەستگیركراون.

راشیگەیاند تەرمی 13 هاووڵاتی سڤیلی توركیایان لە ئەشكەوتێكدا دۆزیوەتەوە كە گەریلاكان كوشتویانن.

لای خۆیەوە فەرمانگەی ناوەندی پاراستنی گەل لە راگەیەنراوێكدا شكستهێنانی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیای راگەیاند و رونیشیكردەوە كە ئەو 13 كەسە دیل بوون و لایەن توركیا خۆیەوە كوژراون لە كاتی بۆردوماندا كراونەتە ئامانج.