سەردێر

لە گەرمیان چەند حاڵەتێكی كۆرۆنا لەناو خوێندكاران تۆماركرا

خەڵك-
سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەی قەڵا لە گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، كە پشکنینی كۆرۆنا بۆ سێ لە خوێندکارەکانی ئامادەیی شەهید ئارام لە كەلار پۆزەتیڤ دەرچووە و دەشڵێت: “پشكنینی دیكە وەرگیراوە و ئەمشەو ئەنجامەكانی دەردەچێت”.

عەدنان زەهاوی، سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەی قەڵا لە شارۆچكەی كەلار بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوای ئەوەی گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو خوێندكارانی ئەو خوێندنگەیە بڵاوبووەوە 17 خوێندكار هێنرانە نەخۆشخانەكە بۆ پشكنین و ئێمەش 3 خوێندكارمان بە نمونە وەرگرت، كە نیشانەكانیان هەبوو، دەركەوت ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤە و هەڵگری ڤایرۆسەكەن.

ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ دووبارە ئەو 17 خوێندكارە هێنرانەوە و پشكنینیان لێ‌ وەرگیراوە و تیمێكیش ڕەوانەی خوێندنگەكە كراوە بۆ وەرگرتنی پشكنین لە خوێنجكارانی پۆلەكانی دیكە و ئەمشەو ئەنجامەكان دەردەچن.

جەختیشی كردەوە، دوای دەرچوونی ئەنجامەكان لەلایەن ئیدارەی گەرمیانەوە بڕیار لەسەر ڕاگرتنی خوێندن لە خوێندنگەكە یان بەردەوامی پڕۆسەی خوێندن دەدرێت.