سەردێر

توشبووانی كۆرۆنا لە قوتابخەكان زیاد دەبن

سلێمانی – نزار جەزا

ژمارەیەک خوێندکار لەنێو قوتابخانەکانی شاری سلێمانی تووشی کۆرۆنابوون و تاکو ئێستاش بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەو بارەیەوە نییە.

ئازاد هەورامی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی تاهیر عەلی والی بەگ بۆ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند، ڕۆژانە کە پشکنین دەکەن، ئامارەکەی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دەگەڕێننەوە، لەو ئامارانەشدا دەرکەوتووە سێ بۆ چوار خوێندکار لەقوتابخانەی گوڵان لەگەڕەکی ڕاپەڕین تووشی کۆرۆنا بوون.

بەپێی زانیارییەکانی (خەڵک) لەسنووری گەڕەکی بەکرەجۆ قوتابخانەیەکی دیکە چەند تووشبوویەکی دیکەی کۆرۆنای تێدا تۆمارکراوە، بەڵام ئەمە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانییەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لیژنەیەکی بۆ سەرپەرشتیکردنی قوتابخانەکان پێکهێناوە، کە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سەرپەرشتی دەکات.

تریفە محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، لەسنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان هیچ ئامارێکی فەرمییان پێنەگەیشتووە و ئاگادارنین، کە هیچ کەسێک لەناو قوتابخانەکان تووشی کۆرۆنا بووبێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، بەپێی ئەوەی سەروو خۆیان ڕایانگەیاندووە، تووشبووان بەکۆرۆنا زیادببن، دەرگای قوتابخانەکان دادەخەن.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر (خەڵک) سەردانی بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی کرد، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوانبدەن، هاوکات پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەروەردەی گشتی سلێمانییەوە کرد ئامادەنەبوو لێدوانبدات، بەڕیوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاواش وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.

لەلایەكی دیكەی لە سنوری گەرمیان لە كەلار 3 خوێندكار لە یەكێك لە قوتابخانەكان تووشی كۆرۆنا بوون.

لە هەفتەی رابردوو قوتابخانەیەك لە سنوری مێرگەسووری پارێزگای هەولێر بەهۆی داخرا بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا تێیدا.