سەردێر

ئۆپەراسیۆنی گارە كۆتاییهات

خەڵك-

وەزارەتی بەرگری توركیا كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی گارەی بە ناوی چنگی پڵنگ 2 راگەیاند.

ئۆپەراسیۆنی گارە لە رۆژی 10ی شوبات دەستیپێكردو شەڕێكی قورس لە چیای گارە لە سنوری ئامێدی پارێزگای دهۆك رووی دا.

بەپێی راگەیەنراو و دەزگا مێدیاییەكانی هەپەگە، سوپای توركیا ئامانجی بووە دیلەكانی خۆی رزگار بكات یان بكوژێت، بەڵام سەركەوتوو نەبووە لە رزگاركردنیان، زیاتر لە 30 سەربازی توركیاش كوژراون و دەیانی دیكەشیان لێ بریندار بوون.

هەپەگە راشیگەیاندووە سوپای توركیا لە ئۆپەراسیۆنەكەیدا سەركەوتوو نەبووە، نەیتوانیوە ئامانجەكانی بەدیبهێنێـت، گەریلا بەرگرییەكی بەهێزی كردووە.

لای خۆیەوە خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاند لە كاتی گەڕان لەنێو ئەشكەوتێكدا تەرمی 13 هاووڵاتی سڤیل دۆزراوەتەوە.

ئاكار راشیگەیاند ئۆپەراسیۆنێكی زۆر تایبەت بووە، زیاتر لە 50 گەریلا كوژراون، 3 سەربازیش كوژراون و 3ی دیكەش بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەكان 2 لە ئەو ئەفسەرانەی توركیا كە كوژراون پلەباڵا بوون.