سەردێر

“زیاتر لە 480 هەزار پێوەری زیرەكی كارەبا لە هەرێم بەستراوە”

وەزارەتی كارەبای هەرێم ڕایدەگەیەنێت: بەستنی پێوەری زیرەكی كارەبا بەردەوامە و هەموو پێداویستییەكانی سەرخستنی ئەو پڕۆژەیەش دابین كراوە.


وەزارەتی كارەبای هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، تا ئێستا 481 هەزار پێوەری زیرەكی كارەبا لە سلێمانی و هەولێر و گەرمیان دانراوە، بڕیاریشە تا كۆتایی ئەمساڵ ئەو پێوەرە بۆ هەموو هاوبەشانی كارەبا دابنرێت كە ژمارەیان ملێۆنێك و 500 هەزارە.

وەزارەتی كارەبا ڕوونیشی كردووەتەوە: پێوەری زیرەك، یەكەكانی كارەبا بە پێی كات، واتا هەموو كاتژمێرێك یان نیو كاتژمێر جارێك یەكەكان تۆمار دەكات و لە ڕێی پەیوەندی و گەیاندنەوە بۆ ناو كۆمپانیا یان كۆنتڕۆڵی دەنێرێت، جگە لەوەش هەموو وردەكارییەكی هەر بەكارهێنەرێكی كارەبا تۆمار و چاودێریی دەكات، ئەو پێوەرە كۆنتڕۆڵی كارەبا ئاگادار دەكاتەوە لە هەر سەرپێچی و دەستكارییەك كە هاوبەشی كارەبا بیكات و كۆنتڕۆڵ دەتوانێت كارەباكەی ببڕێت.

خەڵك – بەشی هەواڵ