سەردێر

داوای كۆبونەوەی پەرلەمان لەسەر هێرشەكانی گارە دەكرێت

خەڵك-
فەرماندارێكی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق داوای كۆبوونەوەی بە پەلەی پەرلەمانی عێراق دەكات بۆ نیشانی هەڵوێست بەرامبەر هێرشەكانی گارە.

عەبدول رەحمان جەزائیری یەكێك لە فەرماندارەكانی حەشدی شەعبی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا داوای كرد پەرلەمانی عێراق كۆبونەوەیەكی بەپەلە ساز بكات بۆ گفتووگۆ و نیشاندانی هەڵوێست بەرامبەر هێرشەكانی توركیا.

راشیگەیاند، پێویستە حكومەتی عێراقیش هەڵوێست نیشان بدات لە بەرامبەر هێرشەكانی توركیادا.

ئاشكراشیكرد 3 لیوای حەشدی شەعبی رەوانەی شنگال كراون بۆ رێگرتن لە هەر هێرشێكی توركیا و ئەمشەویش تاووتوێی ناردنی هێزی زۆرتر دەكەن بۆ شنگال.

ئاماژەی بەوەشكرد پێویستە هێزەكانی سوپای عێراق و پێشمەرگە بە هاوبەشی بەرەوڕووی توركیا ببنەوە و سنوورەكان بگرن، دواترییش گفتووگۆ لەگەڵ پەكەكەدا بكەن.

لە رۆژی 10ی شوباتەوە هێرشی توركیا بۆ سەر گارە دەستیپێكردووە و تا ئێستا بەردەوامە.

هێزەكانی هەپەگە باڵی سەربازی پەكەكە ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایان كرد كە 30 سەربازی توركیا كوژراون و هێرشەكانی توركیا سەركەوتوو نەبوون.

لایەكی دیكەوە سوپای توركیا بۆردومانكردنی 50 بارەگای پەكەكە و كوژرانی زیاتر لە 30 گەریلای پەكەكەیان راگەیاندووە.

بەر لە چەند هەفتەیەك رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند شەوێك كتوپڕ خۆیان دەكەن بە نێو شنگالدا.