سەردێر

وردەكاریی دانوستانەكانی شاندی هەرێم لە بەغدا ئاشكرا دەكرێت

خەڵك-
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم ڕازیی بووە لیژنەیەك بۆ بەدواداچوون بۆ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێنرێت، تا بەدواداچوون بۆ ڕەوشی دارایی بكات.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار بە میدیاكانی عیراقی ڕاگەیاندووە”شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئێستا لە بەغدایە، زنجیرەیەك چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دارایی و دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدر ئەنجامداوە، چاوپێكەوتنی تر لەگەڵ فراكسیۆنە سیاسییەكان سازدەكات”.

بە وتەی سەرچاوەكە”شاندەكە بە ئەندامانی لیژنەی داراییان ڕاگەیاندووە كە ڕازیین بە كردنەوەی لقی لیژنەی دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم، هەروەها 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەش ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكەن، پێناسەی گومرگی یەك دەخەن، چاودێری خاڵە سنورییەكان كاریگەر دەكەن”.
سەرچاوەكە ئاماژەی بە كۆبوونەوەیەكی تر كردووە كە “سبەینێ‌ سازدەكرێت و لێوەی هیواخوازن بگەنە ڕێكەوتنێك كە پشكی هەرێم جێگیربكرێت لە بودجەدا، پاش ئەو بەڵێنانەی كە ئەمجارە شاندی هەرێم بە حكومەتی فیدراڵی داوە”.

دوێنێ‌ چوار شەممە، شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم گەیشتە بەغدا و زنجیرەیەك وتوێژی لەپێناو گەیشتن بە ڕێكەوتن سەبارەت بە بودجە، ئەنجامدا”.