خەڵك-
میدیاكانی توركیا هەواڵی رفاندنی سەركردەیەكی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە بڵاودەكەنەوە.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی توركیا، ئیبراهیم پارین یەكێك لە سەركردەكانی پەكەكە كە بەرپرسی لۆجیستی و راوێژكاری بووە لە شنگال لەلایەن تیمێكی هەواڵگری و ئەمنی توركیا لە سنووری شنگال دەستبەسەركراوە و رفێنراوە.
بەپێی زانیارییەكان، ئەو سەركردەیەی پەكەكە لە شنگال دەستگیركراوە و گەیەنراوەتە ئیستەنبوڵ، ئێستا لەوێ لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانە ئیبراهیم پاریم لە شاری وان بەشداری خۆپیشاندانەكانی كردووە و لە 2015 چووەتە نێو پەكەكەوە.
تا ئێستا پارتی كرێكارانی كوردستان و بەرپرسانی شنگال هیچ زانیارییەكیان لە بارەی ئەو هەواڵە بڵاونەكردووەتەوە.
ئەمە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ2ی توركیا بۆ سەر چیای گارە لە سنوری ئامێدی پارێزگای دهۆك لە رۆژی چوار شەممە و تا ئێستا شەڕ بەردەوامە.
بەپێی مێدیاكانی پەكەكە نۆ سەربازی سوپای توركیا كوژراون و وەزارەتی بەرگری توركیاش كوژرانی دوو سەربازی راگەیاندووە لە گارە.