پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ژنێك بەناوی (دنیا ئاراس عاسی) كە تەمەنی 25 ساڵە لە ماڵەكەیدا بە گوللە كوژراوە و هاوژینەكەشی وەك تۆمەتباری تاوانەكە دەستگیركراوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ، دوای ئاگاداركردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی بەشی پۆلیسی عەنكاوە/بنكەی پۆلیسی بەحركە بە بوونی ڕووداوێكی كوشتن لە بەحركە، هێزەكانیان جووڵە پێكردووە بۆ شوێنی ڕووداوەكە و دەركەوتووە ژنێك بەناوی (دنیا ئاراس عاسی)، تەمەن 25 ساڵ، لەناو ماڵەكەی خۆیدا بە گوللـە كوژراوە و تۆمەتبار لە شوێنی ڕووداوەكە هەڵاتووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشداوە، تۆمەتبار ماوەی دوو مانگە ژیانی هاوسەرگیریی لەگەڵ دنیا ئاراس عاسی پێكهێنابوو. ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای وەرگرتنی زانیاری توانراوە شوێنی تۆمەتبار (كە هاوژینەكەیەتی) دەستنیشان بكرێت و لە ماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێردا دەستگیربكرێت.
لە ڕاگەیەنراوەكەی پۆلیسی هەولێردا ، تۆمەتبار ناوی (ن. خ. ا.)یە، تەمەنی 32 ساڵە، دوای دەستگیركردنی، پەڕاوەكەی ڕادەستی دادگا كراوە و فەرمانی دەستگیركردنەكەی بۆ جێبەجێكراوە بەپێی ماددە 406 لە یاسای سزادان، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و دەستكراوە بە لێكۆڵینەوە.
خەڵك – بەشی هەواڵ