سەردێر

بڕیارە داشكاندنێكی گەورە بۆ قەرزی ئاو بكرێت

بە ھۆی ھەبوونی كێشە و زۆربوونی قەرزی كرێی ئاو لەسەر ھاووڵاتیان، بڕیارە پێداچوونەوە بە پرسی پێوەری ئاودا بكرێت، ئەندامێكی لیژنەی شارەوانیش دەڵێت، بڕیارە داشكاندنێكی گەورە بۆ قەرزی ئاو بكرێت.

كلارا عودیشو، ئەندامی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند: “ژمارەیەكی بەرچاوی بەشداربووی ئاو گلەیی لە كرێی ئاو دەكەن و قەرزێكی زۆر لەسەر ھاووڵاتیانە، لەبەر ئەوەش ئێمە كار بۆ كەمكردنەوەی قەرزی ھاووڵاتیان دەكەین و بڕیارە داشكاندنێكی زۆر بۆ قەرزی ئاو بكرێت”.

ئەندامەكەی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو:”لەگەڵ وەزیری شارەوانی و بەڕێوەبەری گشتی، پرسی پێوەری ئاومان تاووتوێ كردووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر كەمكردنەوەی قەرزەكە بدرێت، بە مەرجێك ھاووڵاتیش پابەند بێت بە بەستنی پێوەری ئاو”.

كلارا عودیشو ڕوونیشی كردەوە: “كێشە لە بەشێكی پێوەرەكانی ئاودا ھەیە و ھەندێ لە پێوەرەكان ھەواش دەخوێننەوە، لەبەر ئەوەش ھاووڵاتیان چەندی دەست بە ئاوەوە بگرن، پارەیەكی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر پێوەرەكە بگۆڕن بۆ جوری باشتر و قەرزەكانیان كەم بكرێتەوە، كێشەكە كۆتایی دێت و بە پێوەری دروستیش مانگانە پارەیەكی زۆر كەم بۆ ھاووڵاتیان دەگەڕێتەوە”.

خەڵك – بەشی هەواڵ