سەردێر

شاندێكی هەرێمی كوردستان گەيشتە بەغدا

خەڵك-
بۆ مەبەستی یەكلایی كردنەوەی ناكۆكییەكان لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عیراق، شاندێكی هەرێمی كوردستان دەگاتە بەغدا.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك)،”شاندێكی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا، تا كۆتا ڕێكەوتن لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان و حكومەتی فیدراڵ بكات سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2021″.

گەیشتنی شاندەكەی هەرێم بۆ بەغدا، دوای چەند كاتژمێرێك بوو لە لێدوانەكانی مەسرور بارزانی، كە ڕەتیكردەوە دۆسێی نەوت ڕادەستی حكومەتی فیدراڵی بكات و ڕادەستكردنی تەواوی نەوتی هەرێمیشی بە بەغدا بەنادەستوری لەقەڵەمدا.

مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا دەربارەی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرگری لە ئەو رێككەوتنە دەكات كە لەگەڵ حكومەتی عێراق كردوویەتی بۆ بودجە، یان داڕشتنەوەیەكی ئەو ڕێككەوتنە.

ئاماژەی بەوەشكرد، كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان تەنها لە بودجەدا كورت نابێتەوە، بەڵكو كێشەی دیكەی سیاسیش هەن، بە نمونەی مادەی 140 و كۆتاییهێنان بە كێشە و گرفتەكانی ئەو ناوچانە.

ئاشكراشیكرد، پێشنیازی دیكەش لە گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادا هەن، بەڵام ناچینە نێو وردەكارییەكانەوە و شاندی گفتوگۆكار هەیە.

وتیشی، “تێكچوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان زیان بە هەموولایەك دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە لە یاسای بودجە و هەنگاوەكانی دیكەش پشتیوانی هەرێمی كوردستان بن”.

راشیگەیاند، رادەستكردنی سەرجەم دۆسێی نەوت بە بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور نییە، بەڵام ئامادەین نیوەی داهاتی نانەوتی و 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكەین.