سەردێر

سەرۆك وەزیران: رادەستكردنی تەواوی نەوت نادەستوورییە

"ئامادەین نیوەی داهاتی نانەوتی و 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكەین"

خەڵك-

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند پێویستە بودجەی 2021 لەسەر بنەمای دەستوور و شەفاف بێت، عێراقیش بە رەوشێكی سەختدا دەگوزەرێت.

مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا دەربارەی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا رایگەیاند حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرگری لە ئەو رێككەوتنە دەكات كە لەگەڵ حكومەتی عێراق كردوویەتی بۆ بودجە، یان داڕشتنەوەیەكی ئەو ڕێككەوتنە.

ئاماژەی بەوەشكرد كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان تەنها لە بودجەدا كورت نابێتەوە، بەڵكو كێشەی دیكەی سیاسیش هەن، بە نمونەی مادەی 140 و كۆتاییهێنان بە كێشە و گرفتەكانی ئەو ناوچانە.

ئاشكراشیكرد پێشنیازی دیكەش لە گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادا هەن، بەڵام ناچینە نێو وردەكارییەكانەوە و شاندی گفتوگۆكار هەیە.

وتیشی: تێكچوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان زیان بە هەموولایەك دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە لە یاسای بودجە و هەنگاوەكانی دیكەش پشتیوانی هەرێمی كوردستان بن.

راشیگەیاند رادەستكردنی سەرجەم دۆسێی نەوت بە بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور نییە، بەڵام ئامادەین نیوەی داهاتی نانەوتی و 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكەین.

رونیشیكردەوە كەشوهەوای هەڵبژاردن كاریگەری لەسەر ئەنجامی گفتوگۆكان داناوە، پێویستبوو لایەنە عێراقییەكان ركابەری یەكدی بكەن بۆ بەدەستهێنانی دەنگی هاووڵاتیان، بەڵام دژایەتیكردنی كوردستان بۆ دەنگهێنانی زیاتر ناڕاستە.

لەبارەی چاكسازییەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند چاكسازی پرۆژەیەكی درێژخایەنە بە شەو و رۆژێك نابێت، بەڵام رێكخستنەوەی باج كراوە كە وەك پێویست جێبەجێنەكراوە، بەڵام ئێمە رێكمانخستووە و وەرمانگرتووە، داهاتمان زیادكردووە، ئەویش لەسەر كۆمپانیای گەورەی سودمەندبووان بووە لە ئاسانكارییەكانی حكومەتی هەرێم نەك خەڵكی هەژار، بۆیە پێویستە هەمووان بەشدار بن لە دانی باج بە حكومەت وەك ئەركێك بەرامبەر بە حكومەت.

لە بارەی پرۆژەكانەوە سەرۆك وەزیران دەڵێت: سەرباری كۆرۆنا توانیومانە پرۆژەكان بەردەوام بكەین.

وتیشی: لە ئەنجامی سەرپێچییەكان 100 كۆمپانیامان داوەتە دادگا.

ئاشكراشیكرد چاوەڕوانین تا مانگی ئادار 500 هەزار كارتی دیجیتاڵی بدرێتە هاووڵاتیان.

راشیگەیاند پێداچوونەوە دەكەن بە خاڵ و دەروازە سنوورییەكان بۆ نەهێشتنی قاچاخچێتی.