سەردێر

پۆلیسی سلێمانی تەقەكەرەكان دەستگیردەكات

خەڵك-
مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی رزگاری لەسەر دۆسێی تەقەكردن پێنج تۆمەتبار دەستگیردەكەن و دەستیش دەگرن بەسەر چەكێكی جۆری كڵاشینكۆف .

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند”دوای ئەوەی سێ‌ ڕووداوی تەقەكردن لەشاری سلێمانی ڕوویاندا و هاوڵاتییەكیش سكاڵای لای هێزەكانی پۆلیس تۆمار كرد، پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە و وەرگرتنەوەی كامێراكانی چاودێری، توانرا لەماوەی كەمتر لە شەش سەعات پێنج تۆمەتبار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیربكرێن”.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت”دوو لە تۆمەتبارانە لە سێ‌ شوێنی جیاواز تەقەیان كردووە كە یەكێیان لە ماڵی سكاڵاكار و دووانەكەی تریان لە كافتریایەك و هۆتێلێك كە پەیوەندی بە سكاڵاكارەوە هەبووە، سێ‌ تۆمەتبارەكەی تریش پەیوەندییان بە هۆكاری تەقەكردنەكە هەبووە “.

هەر لەو بارەیەوە پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بە ڕاگرتنی سەرجەم تۆمەتبارەكان دەكات لەسەر بڕیاری دادوەر و “لێكۆڵینەوەش لەگەڵیان بەردەوامە”.