سەردێر

پەروەردەی سلێمانی لەسەر “تووشبوونی 13 خوێندكار بە كۆرۆنا” ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی هەواڵی تووشبوونی 13 خوێندكاری خویندنگەیەك بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕەتدەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، تەندروستی سەرجەم مامۆستایان و خوێندكارانی خوێندنگەكە ئاساییه.

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو هەواڵانەی باسلە تووشبوونی 13 خوێندكار لە سنووری پەروەردەكەمان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكەن دوورن لە ڕاستییەوە.

ڕاشیگەیاندووە، لەو خوێندنگەیە هیچ خوێندكارێك گومانی توشبون بەكۆرۆنای لێناكرێت و تەندروستی سەرجەم مامۆستایان و خوێندكارانی خوێندنگەكە ئاساییه.

ئەمڕۆ لە بەشێكی میدیاكان دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە، كە 13 خوێندكاری خوێندنگەیەك لە سلێمانی گومانی تووشبوویانیان لێ‌ دەكرێت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەهۆی ئەوەی خێزانەكانیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان و بۆ ئەوەش ڕەوانەی پشكنین كراون.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ خوێندنگەی هەمدلای بنەڕەتی تێكەڵاو لە شارۆچكەی میرگەسۆر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕایگەیاندووە، “ئاگاداری سەرجەم ماموستا، فەرمانبەر و قوتابیانی قوتابخانەكەیان دەكاتەوە لەبەر نەخۆشی كۆرۆنا و تووشبوونی قوتابییان بە نەخۆشی كۆرۆنا لە قوتابخانەكەمان ئەم هەفتەیە دەوام ناكرێت”.

ڕاشیگەیاندووە، “بۆ هەفتەی داهاتووش ئاگادارتان دەكەینەوە”