سەردێر

ئەڵمانیا هاوكارییەكانی بۆ پێشمەرگە فراوانتر دەكات

خەڵك-
ڕاوێژكاری باڵای سەربازی ئەڵمانیا لەهەرێم، ڕایدەگەیەنن، كە وڵاتەكەیان لەهاوكاری و هەمەئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمیش دەڵێت: “هاوكارییەكانی ئێوە، پڕبایەخ و گرنگن لەبەرزكردنەوەی توانستی زانستی هێزەكانی پێشمەرگە”.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، ئەمڕۆ 9ی 2ی 2021 شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كۆلۆنێل جۆرج، ڕاوێژكاری سەربازی هێزەكانی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری كۆبووەوە.

وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند، هاوكارییەكان و هەماهەنگییەكانی ئێوە، پڕبایەخ و گرنگن لەبەرزكردنەوەی توانستی زانستی هێزەكانی پێشمەرگە و وتیشی، “بەخۆشحاڵیەوە لەگەڵ ئێوە بەردەوام دەبین و بەیەكەوە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە لەمەترسییەكانی تیرۆر و تیرۆریستانی داعش دووردەخەینەوە”.

ڕاوێژكاری سەربازی هێزەكانی ئەڵمانیا لەهەرێم ڕایگەیاندووە، ئەوان دڵخۆشن بە ئاراستەی بەڕێوەچوونی چاكسازی لەوەزارەتی پێشمەرگەدا و وتیشی، “لەمپەر و ئاستەنگەكان، بچووكترن لەو ئیراده بەهێزە‌ی كە بۆ چاكسازی هەیە، لەمڕوەوە هاوكار و هەماهەنگیمان فراونتر و باشتر دەبێت”.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “لەكۆبوونەوەكەدا، جەختكرایەوە لەسەر ئەوەی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قۆناغەی ناوچەكەی پێدا تێدەپەرێت، پەیوەندییەكانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە پتەوتر بكرێت، كە لەدەرئەنجامدا شكستپێهێنانی تێرۆر و تیرۆریستانی لێدەكەوێتەوە”.

هاوكات هەردوولا هاوڕابوون، كە پرسی باشكردنی ژیان و گوزەرانی هێزی پێشمەرگە لەڕێگەی چاكسازی و هاوكاری لۆجیستی و سەربازی و ڕاوێژكاری هاوپەیمانان بەردەوامی هەبێت.