سەردێر

یەكەم خوێندنگە لە هەرێم بەهۆی كۆرۆناوە داخرا

خەڵك-
دوای سێ‌ ڕۆژ لە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن، یەكەم خوێندنگە لە شارۆچكەی مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر بەهۆی تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی تووشبوو بە كۆرۆنا داخرا.

خوێندنگەی هەمدلای بنەڕەتی تێكەڵاو لە شارۆچكەی میرگەسۆر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕایگەیاندووە، “ئاگاداری سەرجەم ماموستا، فەرمانبەر و قوتابیانی قوتابخانەكەیان دەكاتەوە لەبەر نەخۆشی كۆرۆنا و تووشبوونی قوتابییان بە نەخۆشی كۆرۆنا لە قوتابخانەكەمان ئەم هەفتەیە دەوام ناكرێت”.

ڕاشیگەیاندووە، “بۆ هەفتەی داهاتووش ئاگادارتان دەكەینەوە”.

هەفتەی ڕابردوو لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم كۆبووەوە و دواتر وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا بە كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان بەڕووی خوێندكارانی پۆلی 1ی بنەڕەتی تاوەكو 11ی ئامادەیی و لە ڕۆژی یەك شەممە 7ی شوبات-ەوە پڕۆسەی خوێندن دەستی پێكردەوە.

بەپێی بڕیارەكانی پەروەردە، هەر خوێندنگەیەك زیاتر لە 5 خوێندكاری تووشبوو بە كۆرۆنای تێدا تۆمار بكرێت، بۆ ماوەی هەفتەیەك دادەخرێت.

شارۆچكەی مێرگەسۆر یەكێك لە شارۆچكەكانی پارێزگای ھەولێرە، كە ناوەندەكەی شارۆچكەی مێرگەسۆرە و لە ٥ شارەدێی (بلێ، گۆرەتوو، بارزان، مەزنێ، پیران و شێروان مەزن) و ٦٧ گوند پێكدێت.